Dlshad Saifaalddin Ahmed
22 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2019
سلێمانی ـ AA
فێستیڤاڵەکە لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی و سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن و لە دامێنی چیایەکی بەفراوی نزیک قەزای پێنجوێن لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو کە تیایدا ژمارەیەکی زۆری گەنجان لە ناوچەکانی تری سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە ھاتبوون بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵەکە کە بەشی زۆریان یەکەمجاریان بوو بەشداری ئەو جۆرە یارییە بکەن.

سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە، مەریوان فەرەج بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵانە وەک سەنتەری پەرەپێدانی گەنجانی پێنجوێن بەھاوکاری یانەی وەرزشی پێنجوێن فێستیڤاڵی بەفر لە پێنجوێن ساز دەکەین، ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو بەشێوەیەکی بەرفراوانتر بەڕێوەدەچێت و سەدان وەرزشکار بەشدارییان کردووە".
ئەو گوتی: "ئامانجمان ناساندنی ئەم وەرزشەیە بە تەواوی ھەرێمی کوردستان لە کاتێکدا ئێمە لە ساڵی ٢٠١١ بە شێوەیەکی بچووک دەستمانپێکرد، بەڵام ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی یارییەکە لە تەواوی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش ناسراوە، بەھیوای ئەوەین و ھەوڵ دەدەین بۆ ساڵانی داھاتوو سەنتەرێکی گەورە و پێشکەوتوو لەم ناوچەیەدا دروست بکەین و ژمارەیەکی زیاتری گەشتیاران بۆ ناوچەکە رابکێشین".

راھێنەری وەرزشی و مامۆستا لە کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سلێمانی، راژان حەسەن یەکێک بوو لە بەشدارانی فێستیڤاڵەکە کە لە شاری سلێمانی-یەوە ھاتبووە پێنجوێن لە بارەی فێستیڤاڵەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ساڵانە بەشداری ئەم چالاکییە دەکەین بۆ خلیسکانی سەر بەفر لە پێنجوێن، یارییەکە بەو پێیەی یارییەکی تازەیە گرنگی تایبەتی خۆی ھەیە و ھەموو کەسێک ھەوڵ دەدات بەشداری تێدا بکات".
راژان ھیوای خواست حکوومەت کار بکات بۆ پەرەپێدانی زیاتری ئەم یارییە و پێگەیاندنی چەندین یاریزان لەو بوارەدا تا بتوانن بەشداری پێشبڕکێ و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتیەکان بکەن.

ژینۆ ئەحمەد قوتابی زانکۆی سلێمانی-یە و بەشداربوویەکی تری فێستیڤاڵەکەیە، ئەو گوتی: "یارییەکە بۆ ئێمە یارییەکی تازە و خۆشە و ساڵانە حەز دەکەین بەشداری تێدا بکەین، بەڵام ئەوەی کێشەیە یارییەکە پەرەی پێنەدراوە و تەنھا لە ناوچەی پێنجوێن ساز دەکرێت".
پێنجوێن ناوچەیەکی شاخاوی سنووری پارێزگای سلێمانی-یە و ساڵانە بڕێکی زۆر بەفڕ و بارانی لێدەبارێت، زۆربەی ئەو کەسانەشی بەشداری فێستیڤاڵەکەیان کردبوو وەک حەز و خولیایەک بۆ یاری و خلیسکانی سەر بەفر ھاتبوون، بەم ھۆیەشەوە زۆرینەی ئەو کەسانە لە یارییەکەدا روبەڕووی کەوتنێکی زۆر دەبوونەوە.