سلێمانی
بێکەس لەسەر وەسێت و راسپاردەی خۆی لەگۆشەیەکی پارکی ئازادی نێژرا، لەمەراسیمی ئەسپەردەکردنیدا ژمارەیەکی زۆری خەڵک کە لەشارو ناوچە جیاوازەکانەوە چووبوونە سلێمانی بەشداربوون.
مەراسیمی ناشتنی تەرمی شێرکۆ جیاواز بوو لەو مەراسیمانەی لەشاری سلێمانی و کوردستانی عێراق بەگشتی بەڕێوە دەچن (گروپی ژێداری کوردستان) دوو پارچە موزیکییان پێشکەش کرد. ئەویش ھەر لەسەر وەسێتی شێرکۆ خۆی بووە.
ئێوارەی دوێنێ لەڕێی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ھەولێر تەرمی بێکەس گەیەنرایەوە ھەرێمی کوردستان و لەنێو شاری ھەولێر لەلایەن حکومەت و دۆستانی شێرکۆ رێز لەتەرمەکەی نراو تاجە گوڵینەی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق و ھەرێمی کوردستانی لەسەر دانرا.
شێرکۆ بێکەس ڕۆژی یەکشەمەی ڕابردوو ٤/٨/٢٠١٣ لەنەخۆشخانەیەکی ستۆکھۆڵم پایتەختی سوێد بە "نەخۆشی شێرپەنجەی سییەکان" وەفاتیکرد.
شێرکۆ بێکەس، کوڕی شاعیری ناسراوی فایەق بێکەسە، بەیەکێک لە شاعیرە ناودارەکانی کورد ناوی دەبرێ. ساڵی ١٩٤٠ لە شاری سلێمانی لە دایکبووە، یەکەم دیوانە شیعری لەساڵی ١٩٦٨ بڵاو بووەتەوە. دوایین بەرھەمی شیعری بەناوی " خێراکە مردن خەریکە بگات" چاپکرد بەگشتی نزیکەی ٢٥ دیوانە شیعریی ھەیە.
شێرکۆ بێکەس ھەروەھا لەیەکەمین کابینەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەساڵی ١٩٩٢ کرایە وەزیری رۆشنبیریی. بەڵام لەسەر خواستی خۆی بەر لەتەواوبوونی ماوە قانوونییەکەی وازی لەوەزیری ھێناو تا ئەو کاتەی نەخۆشیی بڕستی لێبڕی سەرۆکی (دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم) کە بارەگای لەشاری سلێمانییەو یەکێکە لەدەزگا چالاک و پڕ بەرھەمەکانی چاپەمەنی و کتێب لەھەرێمی کوردستان .