بەغدا
ئەندامی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە عێراق فازڵ غراوی رایگەیاند كۆمسیۆنەكەی بە نیگەرانییەكی زۆرهوه لە نزیكەوە چاودێری دۆخی مرۆیی منداڵە ئاوارەبووەكان كە ئێستا لە ناو خێوەتگەكان ژیان دەگوزەڕێنن، دەكات بە تایبەتیش دوای ئەوەی 17 منداڵی ئاوارە بە هۆی سەرما سۆڵەكەی چەند رۆژی رابردوو كە شارەكانی هەرێمی كوردستان و هەندێ لە ناوچەكانی دیكەی عێراقی گرتەوە، گیانیان لەدەستدا.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو غڕاوی گوتی: "17 منداڵە ئاوارەبووەكان كە بە هۆی سەرما و سۆڵەكەوە گیانیان لە دەستداوە، تەمەنیان 18 ساڵی تێنەپەڕاندووه."
ئەو ئەندامەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوای لە وەزارەتی تەندروستی و رێكخراوە تەندروستییە جیهانیەكانی كرد كە هاوكاری زیاتر و بەپەلە پێشكەش به منداڵە ئاوارەبووەكان بكەن، چونكە ئەوان ئێستا لە دۆخێكی زۆر خراپی مرۆییدا دەژین.
هەر لە لێدوانەكەیدا غڕاوی داوای لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران كرد كە قەرەبووی سەرجەم خێزانە ئاوارەكان كە ئێستا لە ناو خێوەتگەكاندان، بكاتەوە و شوێنی گونجاو و پێویستیان بۆ دابین بكات و داواشی لە پەرلەمانی عێراق كرد بڕیارێك دەربكات سەرجەم تاوانەكانی داعش دژ بە منداڵان بە كۆمەڵكوژی دژ بە مرۆڤاییەتی بناسێنێت.
لە كۆتایی قسەكانییدا فازل غڕاوی بەرپرسیارییەتی گیان لەدەستدانی 17 منداڵە ئاوارەبووەكەی خستە ئەستۆی لایەنە پەیوەندارەكانی حكوومەت و نێودەوڵەتییەكان لەوەی وەك پێویست هاوكاری خێزان و منداڵە ئاوارەبووەكانیان نەكردووە.