Azat Muhammet
31 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2017
دهۆک - AA
لە ناوەندى پارێزگاى دهۆک زیاتر لە ٨٠ مزگەوت هەن، بەڵام جیاواز لە هەموو مزگەوتەکانى ئەو سنوورە لە ناوەڕاستى پارێزگاکە مزگەوتێکى گەورە لەسەر دیزانى مزگەوتى عوسمانییەکان بنیاتنراوە و کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامى هەیە و لە چەند مانگى داهاتوو تەواو دەبێت.
بەڕێوەبەرى پڕۆژەى دروستکردنى مزگەوتى (ئیمام حەمزە)، ئەندازیار زەڤەر ئیسماعیل وردەکارى پڕۆژەکە بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو دەخاتە روو، و دەڵێت "هەرچەند جۆرەها دیزاین هەن کە مزگەوتییان لەسەر دروستکراوە لە هەرێم، بەڵام ئەمە یەکەمین جارە لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان مزگەوتێکى لەم شێوەیە دروست دەکرێت، کە ١٠٠ لە سەدى دیزانەکەى لەسەر دیزانى مزگەوتى عوسمانییەکان بێت، ئەم مزگەوتە ناوى (مزگەوتى ئیمامى حەمزە)یە رووبەرەکەى ٢ هەزار مەتر چوارگۆشەیە، دیزاین و نەخشەى مزگەوتەکە لەلایەن ئەندازیار و تەلارسازانى تورکیا لە ئەنقەرە داڕێژراوە و بۆ ئێمە نێردراوە تاوەکو جێبەجێى بکەین".
لەبارەى تایبەتمەندى دیزانى مزگەوتى عوسمانى دەڵێت "دیزانى مزگەوتى عوسمانى چەندین تایبەتمەندى هەیە کە لە دیزانى مزگەوتەکانى دیکەى وڵاتانى ئیسلامى و وڵاتانى دیکە جیایان دەکاتەوە، سەرەکیترینیان ئەوەیە دیزانى مزگەوتەکانى دیکە ئەوەیە تەنها یەک قوبە(گومەز)یان هەیە، بەڵام دیزانى مزگەوتى عوسمانى ژمارەی قوبەکانى زۆرن لە چوار دەورى مزگەوتەکە، موسوڵمانان دەتوانن بێنە نێو حەڕەمى مزگەوتەکە بۆ ئەوەى خواپەرستى، نزا و پاڕانەوەکانیان ئەنجام بدەن".
گوتىشی: "ئەوەى ئەم مزگەوتە جیا دەکاتەوە لە مزگەوتەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان ئەوەیە، ئەوەیە دیزانەکە لەسەر شێوازێکى مۆدێرین لە دیزانە بنەڕەتییەکەى دیزانى مزگەوتى عوسمانى وەرگیراوە ".
- پێکهاتەى مزگەوتى ئیمام حەمزە
بەڕێوەبەرى پڕۆژەی دروستکردنی مزگەوتى ئیمام حەمزە، ئەندازیار زەڤەر ئیسماعیل باسى لە پێکهاتەى مزگەوتەکە کرد و گوتى: "یەکێک لە پێکهاتەکانى مزگەوتەکە، کە سیمبولى دیزانى مزگەوتى عوسمانییە بریتییە لە ژمارەى قوبەکانى مزگەوت، مزگەوتى ئیمامى حەمزە کە لەسەر دیزانى مزگەوتى عوسمانییەکان دروست دەکرێت لە ٣٧ قوبە پێکهاتووە، قوبە گەورەکەى ٢٤ مەتر بەرزە و پانییەکەی نزیکەی ١٧ مەترە، هەروەها دوو منارەى بڵندیشى هەیە کە بەرزییەکە نزیک لە ٤٠ مەتر دەبێت، لە چواردەورى مزگەوتەکەش ٤٨ پەنجەرەى جۆرى نۆرماندى هەن".
گوتیشى: "ئەم مزگەوتە لە دوو نهۆم پێک دێت، نهۆمى یەکەم سێ هۆڵى گەورە لە خۆ دەگرێت کە بۆ هەر پێنج نوێژە فەرزەکان بەکاردەهێنرێن، هەروەها ژوورەکانى کارەبا، میکانیک و پێداویستییە تەندروستییەکان و جیگەى دەستنوێژ شووشتن بەشێکى دیکەى پێکهاتەى نهۆمى یەکەمن. نهۆمى دووەم مزگەوتەکە پێک دێت لە هۆڵى گەورەى نوێژکردن، کە تەنها بۆ نوێژى هەینى بەکار دەهێنرێت، جگە لەمەش دوو هۆڵى دیکەش تێدایە کە تایبەت بۆ بەڕێوەچوونى پرسە، لەگەڵ ئەوەشدا دوو ژوورى دیکەشى هەیە کە تایبەتن بە شووشتنى مردوو".
- لە مزگەوتەکە شوێنى نوێژ کردن بۆ ئافرەتانیش هەیە
ئەندازیار زەڤەر ئیسماعیل ئاماژە بەوە دەدات لە مزگەوتى ئیمام حەمزە هۆڵێکی تایبەت دروست دەکرێت بۆ ئەوەى ئافرەتان خوا پەرستى تێدا ئەنجام بدەن، ئەو هۆڵەى بۆ ئافرەتان دروست دەکرێت هەموو پێداویستییەکانى دابین کراوە هیچ جیاوازییەکى نییە لەگەڵ ئەو هۆڵانەى بۆ پیاوان دروست کراوە، دەزانین کە ئافرەتان لە مزگەوتەکان نوێژ دەکەن، بۆیە چاوەڕوان دەکرێت رێژەیەکى زیاتر روو لەم مزگەوتە بکەن.
لەبارەى ئەوەى جێگەى چەند کەسى لێ دەبێتەوە ئەو ئەندازیارە دەڵێ "تەنها لە نێو مزگەوتدا زیاتر لە هەزار و ٧٠٠ کەس جێگەیان دەبێتەوە، لە حەوشى مزگەوتەکەش جێگەى ژمارەیەکى زۆر کەسى لێ دەبێتەوە، بە کۆى گشتى زیاتر لە ٢ هەزار کەس دەتوانن لە مزگەوتى ئیمام حەمزە نوێژ و خوا پەرستى خۆیان ئەنجام بدەن".
- "رۆژانە ٢٢ کرێکار کار پڕۆژەکە دەکەن"
بەڕێوەبەرى پڕۆژەى دروستکردنى مزگەوتى (ئیمام حەمزە) ئەندازیار زەڤەر ئیسماعیل باس لە کارى دروستکردنى مزگەوتەکە دەکات و دەڵێت "بۆ تەواو کردنى کارەکانی مزگەوتەکە، رۆژانە زیاتر لە ٢٢ کرێکار لە کاتژمێر هەشتى بەیانى تا چوارى ئێوارە کار دەکەن، کارەکانیش بە بەپێى قۆناغەکان دەگۆڕێن".
دەشڵێت "٩٠ لەسەدى ئەو ئەندازیار و کرێکارانەى کار لە دروستکردنى مزگەوتەکە دەکەن تورکن و لە تورکیاوە هاتوون، رێژەکەى دیکەش کوردى هەرێمى کوردستانن، کارەکانمان بەردەوامن، پێدەچێت دواى چوار مانگى دیکە پڕۆژەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی بێت و بە رووى موسڵمانان و نوێژخوێناندا بکرێتەوە".
پڕۆژەى دروست کردنى مزگەوتى ئیمام حەمزە لەسەر ئەرکی کۆمپانیاى لەگەزى دروست دەکرێت.
بەهۆى ئەوەى ئەو مزگەوتە لە شوێنى مزگەوتێکى کۆنى پارێزگاى دهۆک دروست دەکرێت کە لە مزگەوتە کۆنەکەدا یەکێک لە مامۆستایانى ئایینى بەناوى مەلا مستەفا وتارى تێدا دەخوێندەوە لە ئێستا ئەم مزگەوتە کە بڕیارە لە چەند مانگى داهاتوو تەواو بکرێت، لەلایەن هاووڵاتییانى پارێزگاى دهۆک هەر بە ناوى مزگەوتى مەلا مستەفا دەناسرێت.
بەپێى سەرچاوە مێژووییەکان مێژووى بوونى عوسمانییەکان لە هەرێمى کوردستان و پارێزگاى دهۆک دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى ١٨٤٧ى زایینى، کە ئەو کاتە سەردەمى میرنشینەکان بووە لە هەرێمى کوردستان، دیزانى مزگەوتى عوسمانییەکان بەجۆرێکە کە هەر موسولمانێک روو لە مزگەوتەکە دەکات هەست بە گەورەیی و پیرۆزى مزگەوت دەکات.