Muhammet Ali Kemal
15 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 19 حوزەیران 2017
تەعز - AA
بەهۆی پێکدادانەکانەوە لە مانگەکانی سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە تا ئێستا لە یەمەن، ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس دەربەدەر و ئاوارە بوون.
بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی فەرمیی هەواڵیی یەمەن (SABA)، لیژنەی هاوپەیمانیی چاودێرییکردنی پیشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە یەمەن کە ژمارەیەک لە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لەو وڵاتە لەدەوری خۆی کۆکردووەتەوە، لە شاری جنێڤی پایتەختی سویسرا، لە بارەگای ئەنجوومەنی مافەکانی مرۆڤی سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان، پانێڵێکیان پێشکەشکرد.
لە گوتەیەکیشدا کە سەرۆکی یەکەی بەڕێوەبردنی کەمپەکانی کۆچبەران لە یەمەن، ناجی ساعدی پێشکەشی کرد، ئاماژەی بەوەکرد ژمارەی ئەو کەسانەی کە ناچاربوون ماڵ و حاڵیان جێبهێڵن و بەرەو دەرەوەی وڵات کۆچبکەن، بریتییە لە ٢ ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس.
نەجیب ساعدی باسی لەوەشكرد ئەو ٣٠٠ هەزار هاووڵاتییە یەمەنییەی توانیویانە بچنە دەرەوەی وڵات، بەزۆری پەنایان بۆ وڵاتەکانی میسر، سعوودیە، تورکیا، جیبۆتی، مالیزیا، سوودان، سۆماڵ و ئوردن بردووە و هەریەک لە حوسییەکان و لایەنگرانی سەرکۆماری لەسەر کارلادراو عەلی عەبدوڵڵا ساڵحی کە بەرەنگاری حکوومەتی ئەو وڵاتە دەبنەوە، بە هۆکاری کۆچ، کارەساتی مرۆیی و رووداوە توندوتیژەکان لەقەڵەمدا.
ساعدی ئاشکرایکرد کۆچ لە یەمەن لە ساڵی ٢٠٠٤دا لە پارێزگای سەعدە لەباکووری یەمەن بەهۆی پێکدادانی نێوان سوپا و حوسییەکانەوە دەستیپێکرد کە لەو شەپۆلەدا ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیی دەربەدەربوون و لەبەر ئەوەش کە ئەو هاووڵاتییانە لەوە دەترسن حووسییەکان تۆڵەکان لێبکەنەوە، ناوێرن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵیان.