15 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2017
دهۆک - AA
هاوشێوەى زۆرینەى ئەو ناوچانەى کەوتنە ژێر دەسەڵاتى داعش، چەکدارە ریشپانەکان و چەک بە دەستەکانى داعش بە هەر گوند و شارەدێیەکى سنوورى شنگال تێپەڕی بن، وێڕاى بڵاوکردنەوەى بیرى توندڕەوى و سەپاندنى نەهجى خەلافەتەکەیان بەسەر هاووڵاتییان، لەژێر بیانووى جیا جیا دواى خۆیان کارەساتێکى مرۆیی گەورەشیان جێهێشتووە.
داعش کە شنگالى داگیر کرد، جگە لەوەى دەستى نەپاراست لە رفاندنى هەزاران کچ و ژنانى کوردى ئێزدى بۆ ناوچەکانى ژێر دەسەڵاتى خۆی، بە سەدان هاووڵاتى ئەو ناوچەیەى کۆمەڵکوژ کرد و لە گۆڕە بە کۆمەڵەکاندا ژن و پیاو، پیر و منداڵیان پێکەوە ناشت.
بەڕێوەبەری کاروباری ئێزدىیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، خەیرى بۆزانى لەبارەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "داعش شنگال پڕ کردووە لە گۆڕى بە کۆمەڵى کوردانى ئێزدى، لەو ناوچانەى لەلایەن هێزەکانى پێشمەرگە کۆنتڕۆڵکرایەوە ٣٣ گۆڕى بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە و کە پێشبینى ئەوە دەکرێت بە دەیان یان بە سەدان رووفاتى تێدا بێت، بەهۆى نەبوونى هاوکارى لەلایەن حکوومەتى عێراقەوە تا ئێستا ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە هەڵنەدراونەتەوە".
بۆزانى گوتیشى: "تەواوى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى لەژێر دەسەڵاتى پێشمەرگەن لە سنوورى شنگال تەڵبەندمان کردوون و مەبەستمان لێى پاراستنیەتى بۆ ئەو رۆژانەى کە هەڵدەدرێنەوە، مەبەستیشمان لە پاراستنى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى کوردانى ئێزدى لە شنگال بەرکاهێنانیەتى وەک بەڵگەیەک بۆ بە جینۆساید ناساندنى کارەساتى شنگال".
ئەو لێپرسراوەی کاروباری کوردانى ئێزدى لە حکوومەتى هەرێمى کوردستان نیگەرانى خۆى بەرامبەر بە میلیشیاکانى حەشدى شەعبى دەردەبڕێت و دەلێت "دواى ئەوەى کە حەشدى شەعبى ئۆپەراسیۆنى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ئەو ناوچانەى ژێر دەسەڵاتى داعش لە شنگال دەستپێکرد تا ئێستا ١٠ گۆڕى بە کۆمەڵى دیکە لە باشوورى شنگال دۆزراونەتەوە، بەڵام حەشدى شەعبى رێگر لە لێژنەکانى حکوومەتى هەرێم دەکات سەردانى ئەو ناوچانە بکەن و لە نزیکەوە گۆڕە بە کۆمەڵەکان ببینن، مایەى نیگەرانییە کەیسێک پەیوەست بە ئێمە رێگریمان لێ بکرێت و حەشدى شەعبى داوا لە لێژنەکانى سەربە حکوومەتى عێراق بکات سەردانى ئەو ناوچانە بکەن، دەنگۆى ئەوەش هەیە گوایە چەند لێژنەیەکى حکوومەتى عێراق ئامادەییان دەربڕیوە سەردانى ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە بکەن و لێکۆڵینەوە ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوەى راستى بێت ئێمە رازى نین وەک ئەوەى خۆمان مەبەستمانە بیکەین".
دەشڵێت "تا ئێستا کۆى گشتى گۆڕە بە کۆمەڵەکانى دۆزراونەتەوە ٤٣ گۆڕن، بەڵام پێشبینى ئەوەش دەکەین کە ژمارەیەکى دیکەیش مابن تا ئێستا نەدۆزرابنەوە، کار و هەوڵەکانمان بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەى هیچ گۆڕێکى بە کۆمەڵمان لێ ون نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا داعش هاووڵاتی بە شێوەى تاک تاک لە کوچە و کۆڵانەکانى شنگال و گوندەکانى سنوورى شنگال گولـلە باران کردووە و تا ئێستا جگە لە ئێسک و پروسک هیچى دیکەیان نەماوە، هەروەها ژمارەیەک گۆڕى بە کۆمەڵ بەهۆى ئاوى باران و لافاوى زستانى ناوچەکە پەرش و بڵاوبوونەتەوە، ئەمانەش هەموو پێویستە لەبەرچاو بگرین و بەکاریان بهێنین بۆ بە جینۆساید ناسانى کەیسى کوردانى ئێزدى".