نەینەوا
كارگێری لقی مووسڵی پارتی دیموكراتی كوردستان سەعید مەموزینی لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند: "سەعات ١٢ی شەوی رابردوو دكتۆر ماهیر عەبدوڵڵا و دكتۆر عەدنان فەواز كەهەردووكیان لە نەخۆشخانەی كۆماری شاری مووسڵ كاریان دەكرد، لەلایەن چەند چەكدارێكی داعشەوە گووللەباران كران."
ئەو روونیشیكردەوە كە "چەكدارانی داعش هەردوو دكتۆرەكەیان بەبیانووی ئەوە كوشتووە، گوایە گوێڕایەڵی بڕیارەكانی دەوڵەتی ئیسلامی نەبوونە و تیماركردنی بریندارەكانی چەكدارانی داعشیان رەتكردۆتەوە".
ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: "هەردوو دكتۆرەكە لە ناوچەی سەڵامییەی رۆژهەڵاتی مووسڵ، بەئاشكرا و بەبەرچاوی خەڵك گوللەباران كراون و چەكدارانی داعش مەبەستیان بووە، ترس لە ناخی دكتۆرەكانی دیكەی ئەو شارە دروستبكەن، تا لەژێر فەرمانیان دەر نەچن".
مەموزینی ئەوەشی راگەیاند: "دوای كۆنتڕۆڵكردنی شاری مووسڵ لە (10ی حوزیرانی رابردوو) لەلایەن چەكدارانی داعشەوە، زیاتر لە ١٢ دكتۆر، بەدەستی چەكدارانی داعش كوژراون، كە ژمارەیەك لەو دكتۆرانە ئافرەت بوونە".