Hemn Baban
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2016
بەپێی زانیارییەكانی لای لێژنەكە لەپاڵ دوو فرقەی سوپای عێراق شەش فەوجی فرقەی ئاڵتونی و دژە تیرۆر و پێشمەرگەش بەشداریی شەڕەكە دەكەن.
لێژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا رایدەگەیەنێت هێزە ئەمنییەكان سەرجەم ئامادەكارییەكانییان بۆ دەستپێكردنی شەڕی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ و بەشەكانی دیكەی پارێزگای نەینەوا لە داعش تەواوكردووە، لەوبارەیەوە سەرۆكی لێژنەكە محەمەد ئیبراهیم ئەلبەیاتی لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەكان ئامادەكارییەكی زۆر باش و ئاستی بەرزیان هەیە و ورەیان زۆر بەرزە بۆ دەستپێكردنی شەڕەكە و سەرجەم ئامادەكارییەكان تەواو بوون، لە شەڕەی كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ و دەرهێنانی لەدەستی گرووپی تیرۆریستی داعش هێزەكانمان چەكی ئەوتۆ بەكاردەهێنن كە پێشتر لە هیچ شەڕێكی دژ بە داعش لە هیچ پارێزگایەكی عێراق بەكار نەهاتوون".
دووپاتیشی كردەوە "لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵ گرووپی تیرۆریستی داعش زۆر سەری سوڕ دەمێنێت و شتی وا روودەدات كە جێگەی باوەڕی نابێت".
ئەو بەرپرسەی پارێزگای نەینەوا روونیشی كردەوە "پلانی رزگاركردنی مووسڵ تەواوبووە، ئامادەكارییەكان شەو و رۆژ بەڕێوەدەچن، چونكە شەڕەكە چارەنووسساز دەبێت بۆ عێراق و ناوچەكەش".
گوتیشی: "سەركردایەتیی ئۆپەراسیۆنەكان و دوو فرقەی سەربازیی، ئامادەكارییەكانییان كۆتایی پێ هاتووە، هەروەها فرقەی 15ی سوپای عێراق سەرجەم پابەندبوونەكانی تەواوكردووە بە دابەشبوون لەسەر كەرتی باشوور لە باشووری مووسڵ، هەروەها شەش فەوجی فرقەی ئاڵتونی بەشداریی لەشەڕی گرتنەوەی مووسڵ دەكەن".
ناوبراو باسی لەوەشكرد كە چەند رۆژێك لەمەوبەر لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا سەردانی هێزەكانییان لە نزیك مەخموور و كەمپی دووبەردان لە نزیك بەردەڕەش كردووە و كار بۆ دیاریكردنی شوێنێك بۆ دروستكردنی سەربازگەیەكی نوێ دەكەن بۆ هێزەكانی حەشدی پارێزگاكە كە وا بڕیارە لە 15 هەزار سەرباز لە پێكهاتەكانی پارێزگاكە پێكبێت و ئەركی پاراستنی ناوچەكان ببێت.
سەبارەت بە وردەكاریی پلانەكە و كاتی جێبەجێ كردنیشی محەمەد ئیبراهیم ئەلبەیاتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشكرای كرد "بەپێی پلانەكە مووسڵ كراوەتە هەشت بەش، لەپاڵ پلانی سەربازیی، پلانێكی مەدەنیش بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و بەگەڕخستنەوەی ژێرخانی خزمەتگوزاریی پێویست دەبێت، لەو شەڕەدا پێشبینی دەكەم نزیك بە 50 هەزار چەكدار بەشدار ببن، لەچەند رۆژی داهاتووش ئۆپەراسیۆنێكی سەرەتایی دەست پێ دەكات وەكو قۆناغی یەكەمی شەڕە گەورەكە".
بەیاتی گوتیشی: "لە شەڕی گرتنەوەی مووسڵدا، لەپاڵ دوو فرقەی سەربازیی سوپای عێراق، شەش فەوجی هێزی ئاڵتونی و بەرنگاربوونەوەی تیرۆر، لەگەڵ هەشت هەزار و 946 پۆلیسی پارێزگای نەینەوا، لە پاڵ رۆڵی گەورەی پێشمەرگە و چەند هێزێكی دیكەش بەشدار دەبن".
سەبارەت بە بەشداریی حەشدی شەعبی كە پێش چەند رۆژێك ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بەشداریكردنی لە شەڕی مووسڵدا رەت كردەوە بەیاتی دەڵێت "ئەو بڕیارە واتە بڕیاری بەشداریی حەشدی شەعبی یان نەكردنی یان بەشداریی هەر هێزێكی دیكە بژاردەی سەركردەی هێزە چەكدارەكان سەرۆكوەزیرانی عێراقە".
لە درێژەی قسەكانیدا سەرۆكی لێژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا باسی رەوشی نێوخۆیی مووسڵیشی كرد و ئەوەی گوت كە زانیارییەكانییان ئەوە دەردەخەن كەمتر لە پێنج هەزار چەكدار لەو شارەدا هەن.
محەمەد ئیبراهیم ئەلبەیانی لەو رووەوە بۆ ئانادۆڵو گوتی: "پاش ئەو گورزە گەورانەی بەر چەكدارانی داعش لە هەریەك لە پارێزگاكانی سەڵاحەدین و ئەنبار كەوت هەروەها ئەو گورزانەشی پێشمەرگە لە سنوورەكانی نزیك لە هەرێمی كوردستان پێی گەیاندوون چەندین سەركردەی بیانی و خۆماڵیی داعش عێراقییان بەرەو سووریا بەجێ هێشتووە، ئێستا بارودۆخی داعش لە شێواویدایە، پێشبینی دەكەم داعش كەمتر لە پێنج هەزار چەكداری لەنێو مووسڵ مابێت".
لەكۆتایی قسەكانیدا ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا ئەوەی دووبارە كردەوە كە "بەشێك لەو چەكانەی بۆ شەڕی گرتنەوەی مووسڵ بەكاردێن چەكی زۆر نوێ و پێشكەوتوون و ئەو چەكانەشی گەیشتوون زۆرن نەك كەم".