Ramal Abdullah Mahmood
19 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 21 ئاب 2017
ئەلعەزیز – AA
مەڕدارانی قەزای کاراکۆچان لە پارێزگای ئەلعەزیز لە ژێر رەشماڵ لە قەدپاڵەکانی چیای هاسەرەک کە دوو هەزار مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، ژیان بەسەر دەبەن.
لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما مەڕدارانی رۆژهەڵات و باشووری رۆژهەڵاتی ئانادۆڵو بەمەبەستی لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان روودەکەنە کوێستان.
مەڕداران دوای زەردەپەڕی ئێواران دەخەون و لەگەڵ کازیوەی بەربەیان لە خەو هەڵدەستن و دەست بەکار دەکەن. ئافرەتان دوای دۆشینی مەڕەکان لەسەر سێل نان دەبرژێنن. منداڵانیش بە یاری کردنەوە خۆیان دەخافڵێنن.
رۆژانە ژنان شیری سەدان مەڕ دەدۆشن کە بووەتە سەرچاوەی بژێوی مەڕداران. دوای ماندووبوونێکی زۆر مەڕداران ئێواران لە دەوری یەک کۆدەبنەوە و قسەی خۆش دەکەن و لەگەڵ ژەنینی شمشاڵ گۆرانی دەچڕن.
بەمەبەستی بارگاویکردنی مۆبایلەکانیان و هەڵکردنی گڵۆپەکان لە شەودا سوود لە شەبەنگەکانی وزەی زۆر وەردەگرن.
مەڕدار عەبدولقادر پۆڵات کە تەمەنی ٧٢ ساڵە بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند کە دوای کۆچی دوایی باوکی ماوەی ٣٠ ساڵە روودەکەنە کوێستان لەگەڵ نۆ منداڵ و ٣٠ نەوەکەی.
پۆڵات ئاماژەی بەوەدا کە ساڵی چوار مانگ لە کوێستان دەژین، سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا بە لەوەڕاندنی زیاتر لە دوو هەزار سەر مەڕ و فرۆشتنی شیرەکانیان بژێوی ١٠ خانەوادە دابین دەکەن.
پۆڵات ئاماژەی بەوەدا کە کەشوهەوای کوێستان زۆر فێنک و خۆشە، گوتی: "بەهۆی ئەوەی دێینە کوێستان لەرووی تەندروستییەوە رەوشمان زۆر باشە، لێرە هەر کەسە و بەکاری خۆیەوە سەرقاڵە. ئافرەتان شیری مەڕەکان دەدۆشن و ماست و پەنیر دروست دەکەن، پیاوانیش مەڕەکان دەلەوەڕێین و چاودێریان دەکەن".