hemn husain
16 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 17 ئادار 2016
لە رۆژی 16/3/1988 حكوومەتی بەعس شاری هەڵەبجەی بە چەكی كیمیاوی بۆردومان كرد و لە ئەنجام دا 5 هەزار کەسی سڤیل بوونە قوربانی و 10 هەزار كەسی دیكەش بریندار بوون كە تا ئێستاش ئەم تاوانە شوێنەواری ماوە و چەندین برینداری ئەم كارەساتە بە دەست برینەكانییان دەناڵێنن و بەشێك لە بریندارەكانیش بەهۆی سەختی برینەكانییانەوە شەهید بوون.
بۆردومانەكە لە كاتژمێر 11 دەستی پێكرد و لەماوەی 5 خولەكدا 5 هەزار كەس بوونە قوربانی و بۆ دەربڕینی ماتەمیش ساڵانە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لەم یادەدا لە كاتژمێر 11 بۆ ماوەی 5 خولەك لە جوڵە دەوەستن و هەموو جموجۆڵێك رادەوەستێت.
ئەم كارەساتە جگە لەوەی كە بووە هۆی شەهید بوون و بریندار بوونی خەڵكی سڤیل، هاوكات بووە هۆی ونبوون و لێكدابڕانی خێزانەكان و لەم ساڵانەی دواییشدا ژمارەیەك لە منداڵە ونبووەكانی ئەوكات لە رێگای پشكنینی DNA ، بە كەسوكارییان شادبوونەوە و دوایین كەسیش كچ و كوڕێك بوون كە دوای 28 ساڵ و لە مەراسیمی یادكردنەوەی ئەم كارەساتەدا بە خێزانەكانییان شادبوونەوە.
دوای تێپەڕبوونی سێ دەیە، ساڵانە لە كوردستان رۆژی ١٦ی ئادار پێنج خولەك جوڵە دەوەستێت وەكو ماتەمینی بۆ ئەو كارەساتەوە و چەندین شانۆگەری و چیرۆكی تراژیدی نمایش دەكرێت و ئەمڕۆش بەم بۆنەوەیە هاووڵاتییان لە شاری هەولێر بۆ ماوەی 5 خولەك بەبێ دەنگی لەسەر شەقامەكان وەستان.
پارێزگای هەڵەبجە دەكەوێتە باشووری رۆژھەڵاتی شاری سلێمانی و رووبەرەكەی 1600 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و نزیكەی 75 كیلۆمەتر هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و لە رۆژی 16/3/2015 هەڵەبجە بوو بە پارێزگا.