Zana Natık Kerem
01 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2017
سووریا ــ AA
تۆڕی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاند كە دوای دووساڵ لە دەستوەردانەكانی رووسیا لە سووریا لە بەرژەوەندی رژێم و بە هۆی پێشێلكارییەكانەوە تا ئێستا، پێنج هەزار و ٢٣٣ مەدەنی كوژراون كە هەزار و ١١٧یان منداڵان و ٨٨٦كەی دیكە ئافرەتن.
تۆڕی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ راپۆرتیكی بە بۆنەی تێپەڕبوونی دووساڵ بەسەر دەستوەردانەكانی رووسیا لە سووریا بڵاوكردەوە.
لە راپۆرتەكەدا كە كۆپییەكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، هاتووە لە كاتی دەستوەرانەكانیان بۆ سووریا تا ئێستا، هێزەكانی ژمارەیەكی زۆری هێرشیان ئەنجامداوە كە بە هۆیانەوە زیانی زۆری گیان و ماددەیان لێكەوتووەتەوە كە بەرێژەی سەدا ٨٠ی ئەو هێرشانە بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی ئۆپۆزسیۆن ئەنجامدراون.
بە پێی راپۆرتەكە، بەڕێژەی سەدا ١٥ی ئەو هێرشانەی هێزەكان ی رووسیا بۆ سەر ناوچەكانی ژێر كۆنتڕۆڵی داعش لە سووریا ئەنجامدراون، كە ژماریەكی زۆری لە رووداوی بۆردومانكردنی ئەو ناوچانە تۆماركراون كە كۆمەڵكوژی بەرامبەر بە دانیشتوانی ئەو ناوچانەی لێكەوتووەتەوە.
تۆڕی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ لە راپۆرتەكەدا ئاماژەی بەو پێشێلكارییانەی مافی مرۆڤ داوە كە هێزەكانی رووسیا لە میانی دوو ساڵی رابردوودا لە سووریا ئەنجامیانداوە و بڵاوی كردووەتەوە كە لە میانی دوو ساڵی رابردوودا هێزەكانی رووسیا، ٢٥١ كۆمەڵكوژییان ئەنجامداوە، هەروەها ٢٠٧ هێرشیان كردووەتەوە سەر ناوەندە گرنگەكان كە ١٠٩یان بۆ سەر مەزگەوت و ١٤٣یان بۆ سەر ناوەندەكانی پەروەردە و ١١٩یان بۆ سەر بنكە پزیشكییەكان ئەنجامدراون.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە كە هەر لە میانی دوو ساڵی رابردوودا، هێزەكانی رووسیا، ٢١٢ جار بۆمبی هێشووییان بەكار هێناوە كە زۆربەی بۆ سەر پارێزگای ئیدلب بووە، هەروەها ١٠٥ جار بۆمبی سووتێنەریان بەكارهێناوە كە زۆربەیان بۆ سەر پارێزگای حەلەب بووە.
هەر بە پێی راپۆرتەكە، لە میانی دوو ساڵی رابردوودا، هێزەكانی رووسیا، ٤٧ كەسیان لە كارمەندی پزیشكی كە هەشتیان ئافرەتە لەگەڵ ٢٤ی كەسی دیكە كە كارمەندی بەرگری شارستانیین و ١٦ راگەیاندنكاریان كوشتووە.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە كە هەر بە هۆی هێرشەكانی رووسیا، دوو ملیۆن و ٣٠٠ كەس ئاوارە بوون.
هەر لە راپۆرتەكەدا بڵاوكراوەتەوە كە هێزەكانی رووسیا بە پشتیوانی هێزی وشكانی رژێم و میلیشیاكانی ئێران لە كاتی دانوستان و رێككەوتنە نێودەوڵەتی و ناخۆییەكان سەبارەت بە كەمكردنەوەی گرژییەكان لە ناوچەكانی سووریا، دووبارە بەشی رۆژهەڵاتی شاری حەلەب-یان كۆنتڕۆڵكردووە.