Mustafa Melih Ahıshalı,Muhammet Ali Kemal
01 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2017
تاران - AA
لە هەزار و ٣٧٨ەمین ساڵیادی کوژرانی ئیمام حسێنی نەوەی پەیامبەری ئیسلامدا لە کەربەلا، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییان بەشدارییان لە رێوڕەسمەکانی عاشوورا لە تارانی پایتەختی ئێران کرد.
یادکردنەوەی ئیمام حسێن کە لە دەیەمین رۆژی مانگی موحەڕەمدا کوژراوە، لەشارە جیاوازەکانی ئێران لە رێگەی رێوڕەسمی جۆراوجۆر و هاوکاتەوە کرایەوە.
لوڕەکان کە یەکێکن لە نەژادەکانی ئێران، هاوشێوەی ساڵانی رابردوو، ئەمساڵیش لە حسێنییەی ئوشاکول عەباس یادی رۆژی عاشوورایان کردەوە و رێوڕەسمی ''قوڕ پێوان''یان سازکرد.
ئەوان بەمەبەستی وەبیرهێنانەوەی ئەو ئازارەی بەسەر ئیمام حسێندا هاتووە، لە رێوڕەسمێکدا کە گیلمالی پێ دەگوترێت، خۆیان لە قوڕاو هەڵدەکێشن و تا نیوەڕۆی رۆژی عاشوورا ماتەم دەگێڕن.
یەکێک لە گەورەترین رێوڕەسمەکانی عاشوورا لە تاران، لە نزیک بازاڕی گەورەی ئەو شارە لە بەشی باشوور، بەڕێوەچوو. بەشداران بە گوتنەوەی ''یا حسێن'' و سنگ کوتان بەشدارییان کرد و پرسەیان گێڕا.
لەرێورەسمەکەدا کە هەزاران کەس بەشدارییان تێداکرد، شانۆیەک کە رووداوەکانی کەربەلای دەگێڕایەوە، نماییشکرا. دوایین نوێژی ئیمام حسێن لەکەربەلا کە نوێژی نیوەڕۆ بووە، لە رێورەسمەکەدا خوێنرا.
لە شانۆیەکدا کە ئێرانییەکان ناوی ''نمایشی پرسە''یان لێنابوو، خێوەتە سیمبولییەکەی ئیمام حسێن لەلایەن کەسانێکەوە کە رۆڵی دوژمنەکانیان دەگێڕا، ئاگری تێبەردرا.
شۆربای حەلیم کە شۆربایەکی تایبەت بەو رۆژەیە بەسەر بەشداربووانی رێورەسمەکەدا دابەشکرا و هاوکات شیر، کێک و خواردەمەنی جۆراوجۆر پێشکەشی ئامادەبووان کرا.