ئەو کەسانەی لە شاڵاوەکانی ئەنفال بە سەلامەتی گەڕانەوە دەڵێن، سەدان کوردی ئەنفالکراو بوونە خۆراکی سەگەکان و چاوەڕێی ئەوە ناکەن رووفاتەکانیان بهێنرێتەوە.
خەرامان ئەحمەد، ژنێکی گەرمیانییە کە چیرۆکی کارەساتی ئەنفال دەگێڕێتەوە و ئێستا لە ساڵەکانی پیری تەمەنیدایە. ئەو کاتێ باسی ئەو چیرۆکانە دەکا هێشتا دەگری. چونکە لەو پرۆسەیەدا حەوت کچ و کوڕی بۆ یەکجاریی لە دەستدا.
رۆژە سەختەکانی تەمەن، یادگاریی رۆڵەکانی لە رووداوەکانی رۆژانی ئەنفالکردندا لە بیری خەرامان نەبردۆتەوە، ئەو کە بەردەوام تەسبیحات دەکا و زوو زوو ھەردوو دەستی بە ئاسمانەوە دەپاڕایەوە بۆ رۆڵەکانی و ھەموو قوربانییانی ئەنفال دەڵێ" بەیانییەکی زووی مانگی چوار بوو ھاتنە ئاوایی حەیدەرە سووری دووزخورماتوو و ھەموومانیان کردە زیلی عەسکەرییەوە و بردمانییان بۆ نەوجول، دوایی بۆ عەسرەکەی بردمانییان بۆ تکریت. لە تکریت ژنان و منداڵان لە پیاوان جیاکرانەوە."
ئیتر پاش پێنج رۆژ لە مانەوە لە تکریت شوێنی لە دایکبوونی سەدام حوسێن، بە زیاتر لە ٤٠ ئۆتۆمبیلی سەربازیی گواسترانەوە بۆ نوگرە سەلمان.
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر (ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ) ببن بە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.