ئورفا
مەروە, کچێکی تەمەن حەوت ساڵانە، لە زگماکەوە دوو قاچ و دەستێکی نەبووە، تەنیا بەدەستێک ھەندێ لەکارەکانی رادەپەڕێنێ. لەبەر ئەوەی مەروە قاچی نییە، دایکی رۆژانە بەکۆڵ دەیباتە قوتابخانە و دەیھێنێتەوە. مەروە لە پۆلی یەکی سەرەتاییە لە قوتابخانەی گۆل کە دوو کیلۆمەتر لە ماڵیان دوورە.
دایکی مەروە سوبحیە ئەندەر بۆ(AA)ی گوتی: "کچەکەم زۆر حەزی لە خوێندن بوو، رۆژانە خەمی بۆ ئەوە دەخوارد کە توانای چوونە قوتابخانەی نییە."
سوبحیەخان کە بەختەوەری کچەکەی لەپێشەوەی ھەموو شتەکان دادەنێ، گوتی: "رۆژانە کچەکەم بەکۆڵ دەبەمە قوتابخانە، دوای تەواوبوونی وانەکانیشی دەیھێنمەوە ماڵەوە. زۆربەی رۆژەکان لە قوتابخانە دەمێنمەوە، چونکە دڵم نایە جێیبێڵم لەبەرئەوەی مەروە منداڵێکی ئاسایی نییە و ناتوانێ پێویستییەکانی خۆی جێبەجێ بکا."
دایکی مەروەھەروەھا گوتی "گرنگ ئەوەیە بتوانم لە خەمەکانی مەروە کەمبکەمەوە. ھەروەھا حەزدەکەم کچەکەم بەردوام بێ لە خوێندن".
باوکی مەروە محەمەد ئەندەر کە بۆ دەستەبەرکردنی عەرەبانەی پاتریدار سەردانی قایقامییەتی کردووە، داوای لە خێرخوازانکرد، دەستی یارمەتی بۆ مەروەی کچی درێژبکەن.
مەروەی تەمەن حەوت ساڵانیش گوتی: "زۆر حەزدەکەم بخوێنم. زۆریش نیگەرانم بەوەی بوومەتە ئەرکێکی گەورە لەسەر دایکم. نامەوێ ئەوەندە ئەزیەتی بدەم."