Sangar Hamad Azeez
28 ئاب 2018•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2018
پەکین - AA
چین بەنیازە یاسایی سنووردارکردنی منداڵبوون هەڵبگرێت.
بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی "رۆژانەی خەڵک" ی چینی لەبارەی هاوسەرگیری، جیابوونەوە و سنووردارکردنی منداڵبوون، پرۆژە یاسایەکی نوێی بەناوی "یاسایی پلاندانانی خێزان" پێشکەشی ئەنجوومەنی نیشتمانی چین کراوە.
لە هەواڵەکە ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕوان دەکرێت ئەو یاسایە لە ئاداری ٢٠٢٠ لە پەرلەمانی ئەو وڵاتە خوێندنەوەی کۆتایی بۆ بکرێت.
شارەزایان باس لەوە دەکەن کە ئەگەری هەیە چین بە تەواوەتی یاسایی سنووردارکردنی منداڵبوون هەڵبگرێت.
بەپێی یاساکانی ئێستای چین، هەر خێزانێک نابێ لە دوو منداڵ زیاتری هەبێت، پیویستە ژنەکان بە رێگایەک لە رێگاکان، رێگریی لە منداڵبوون بکەن و هەر خێزانێکیش پابەندی ئەو یاسایە نەبێ، سزای دارایی و یان دەرهێنانی منداڵدان لە ژنانی بۆ دیاریدەکرێت.
بەهۆی ئەوەی ژمارەی دانیشتوانی چین بە رێژەیەکی بەرچاو زیادبوو، حکوومەتی چین لە ساڵی ١٩٧٠ بە ئامانجی کۆنترۆڵکردنی رێژەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە یاسایەکی دانا بۆ سنووردارکردنی منداڵ و بە گوێرەی یاساکەش هیچ خێزانێک بۆی نەبوو کە منداڵێک زیاتری ببێت. بەڵام بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تەمەنی دانیشتوانی چین لە ساڵی ٢٠١٦، یاساکە گۆڕا بۆ دوو منداڵ بۆ هەرخێزانێک.
بەگوێرەی راپۆرتێک کە پارساڵ لەلایەن ئەنجوومەنی وڵاتی چین بڵاوکرایەوە، چاوەڕوان دەکرێت لە ساڵی ٢٠٣٠یەوە یەک لەسەر چواری دانیشتوانی چین تەمەنیان لە سەرووی ٦٠ ساڵی بێت.