Şener Toktaş
08 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 11 ئاب 2020
بەدلیس - AA
دەریاچەی وان کە یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییەکانی رۆژهەڵاتی تورکیا، لە وەرزی هاویندا گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکەن.
شارۆچکەی ئادیلجەڤاز لە پارێزگای بەدلیس کە دەکەوێتە کەنار دەریاچەی وان، بەهۆی سازگاری ئاوەکەیەوە لە وەرزی هاویندا دەبێتە جێی خلسیکە کردن و هاووڵاتیان لە ناوەوە و دەرەوەی تورکیا سەردانی دەکەن و کاتێکی پڕ کەیف و خۆشی بەسەردەبەن.

کارمەندی پاڕکی سوکای، غیاسەدین بیچەر لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە لە ساڵی ٢٠١٥دا ئەم پارکە لە کەناری دەریاچەی وان دروستکراوە، بووەتە هۆی زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران و شارۆچکەکەی کردووەتە شوێنێکی گەشتیاری.

بیچەر ئاماژەی بەوەش دا کە گەشتیاران بۆ رزگاربوون لە گەرمای هاوین خلیسکەی سەر ئاو دەکەن، دەشتوانن لە رێی بەلەمەوە گەشتی ناو دەریاچەکە بکەن.
ناوبراو ئەوەی خستەڕوو کە ناوچەکە چەندین شوێنی گەشتیاری دیکەشی لێیە وەک چیای سوپحان و قەڵای مێژوویی کەف.

یونس ئەردۆغان یەکێکە لەو گەشتیارانەی بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش رووی لە شارۆچکەی ئادیلجەڤاز کردووە و لە لێدوانێکیدا بۆ ئانادۆڵو رایگەیاند: "لێرە زۆر خۆشحاڵ بووین، هەرچەندە بەباشی نەماندەزانی خلیسکە بکەین و چەند جارێکیش کەوتین بەڵام بەڕاستی زۆر چێژمان وەرگرت. ئەزموونێکی خۆش بوو بۆ ئێمە".