Heman Hussein Yaseen
24 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 26 ئاب 2020
هەولێر - AA
ماوەیەکە وەرزشی شاخەوانی لە ھەرێمی کوردستان سەری ھەڵداوە و بۆ ئەم مەبەستەیش چەندین رێکخراو و گرووپ دروست بوون و بەردەوام شوێنی تازە و سەخت و دڵگیر دەگەڕێن.
گرووپێکی شاخەوانی کە ماوەی چەند مانگێکە دامەزراوە، دەستیان بەچالاکییەکانییان کردووە و کاپتنی گرووپەکەیش رایدەگەیەنێت کە گەشتیاران دوای ناونیشانی شوێنەکانیان لێ دەکەن و لەبەر پیسبوونی شوێنەکانیش ھیچ ناونیشانێک نادەن بە گەشتیاران.
گرووپی دەنگ و رەنگی سروشتی کوردستان کە پێش چەند مانگێک دامەزراوە و خاوەنی ٤٢ ئەندامە، لەو ژمارەیەیش، نیوەی ئافرەت و نیوەکەی دیکە پیاون و کۆمەڵێک پێکھاتە و ئایینی جیاوازی لەخۆ گرتووە و بەیەکەوە دەست بە چالاکییەکانییان دەکەن.
کاپتنی گرووپی دەنگ و رەنگی سروشتی کوردستان، حەمەد مەلا کەریم بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گرووپەکەمان مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دامەزراوە و لە ٤٢ ئەندام پێکدێن کە نیوەی ئافرەت و نیوەی پیاوە، ھەروەھا موسڵمان، مەسیحی و ئایینەکانی دیکە لەناو گرووپەکەماندا ھەیە و ھەموو وەک یەک تیم دەست بە چالاکییەکانمان دەکەین".
شاخەوانەکان لەکاتی هەڵگەران بەسەر شاخەکاندا، لەدوای یەکتر قەتارە دەبەستن و زۆرجاریش دەستی یەکتر دەگرن و تەواوی کەلوپەل و پێداویستییەکانییان لە کۆڵەپشتییان کردووە و جلوبەرگێکی تایبەتیان لەبەرە، چەند کاتژمێرێک بەسەر شاخەکاندا هەڵدەگەڕێن و هەندێک جاریش شەوانە لە لووتکەی شاخەکان دەمێننەوە.
حەمەد مەلا کەریم گوتیشی: "ئەم گرووپە زیاتر پەرە بە سروشتی کوردستان دەدات لە رووی شاخەوانییەوە، ئێمە دەچینە ئەو شوێنانە کە جێگای مەترسین و سەرکێشی دەکەین بۆ ئەوەی سروشتی کوردستان نیشانی خەڵکی بدەین، بەڵام زۆرجار لە سۆشیال میدیا داوا دەکەن ناو و ناونیشانی شوێنەکە بنووسین، بەڵام ئێمە ناوەکان نانووسین چونکە ھەر ناوێک بنووسین گەشتیار دەچێت و لە رووی ژینگەیی و پاکوخاوێنییەوە تێکدەچێت".
جۆرەکانی شاخەوانی بریتین لە شاخەوانی لەگەڵ سەگ، شاخەوانی لەناو بەفر، شاخەوانی بۆ لەشجوانی و ھەڵگەڕان بە بەردەڵانی شاخەکاندا، ھەندێک کەسی دیکە تەنھا بۆ بینینی ناوچەکان و چێژوەرگرتن لە ھەڵگەڕان بەسەر شاخدا، شاخەوانی دەکەن و ئەم گرووپەش بەردەوام لە ھەوڵی ئەوەدان کە شوێنە سەخت و دڵگیرەکانی ھەرێمی کوردستان بەسەربکەنەوە و ئەمەیش لەلایەک وەکو حەز و خولیا و وەرزشە و لەلایەکی دیکە وەکو نیشاندانی سروشتی ھەرێمی کوردستانە، هاوکات شاخەوانەکان تەواوی پێداویستییەکانی هەڵگەڕان و مانەوەیان لەسەر شاخەکان لەگەڵ خۆیاندا دەبەن، بەردەوامیش رێنمایی نوێ لە کاپتنی گرووپەکانیان وەردەگرن بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانی گەشتەکانییان ئەنجام بدەن.
وەرزشکردن و شاخەوانی بە گشتی یەکێکە لە گرنگترین رێگەکان بۆ پاراستنی تەندروستی و لەشساغی و سوودێکی زۆر بە جەستە دەگەیەنێت، ماوەیەکە ئەم وەرزشە لە کوردستان سەری هەڵداوە و گرووپەکانی شاخەوانی رۆژانە دیمەنی نوێی شوێنە گەشتیاری و شوێنەوارەکان بلاو دەکەنەوە.
رۆژی ١١ی کانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک رۆژی جیهانی شاخەوانییە و بۆ ئەم مەبەستەش چەندین چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدرێت.