Heman Hussein Yaseen
16 کانوونی یەکەم 2024•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2025
هەولێر - AA هێمن حوسێن
بنکەی مافووری هەریر ماوەی ٢٦ ساڵە لە بەرهەمهێنانی مافوور و تابلۆ بەردەوامە، بەڵام بەهۆی بەرزی کوالێتیی و نرخەکەیەوە، ساغکردنەوەی بەرهەمەکانی لە بازاڕدا قوڕسە و، نرخەکەیشی لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە دیاریی دەکرێت.
بنکەکە دەکەوێتە قەزای هەریری سەر بە پارێزگای هەولێر و، لە هۆڵێکی بنکەکەدا، ژمارەیەک ئافرەت ڕۆژانە زۆر بە وردی سەرقاڵی دروستکرنی مافوور و تابلۆن و هیچ ئامێرێکی تێدا بەکارناهێنن، بەڕێوەبەری بنکەکەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە هەم کێشەی دابینکردنی پێداویستییەکانییان هەیە، هەم کێشەی بە بازاڕکردنی بەرهەمەکانییان هەیە هەر بۆیەش ئاستی بەرهەمهێنانیان بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو دابەزیووە.
ماوەی دوو ساڵ دەبێت بە سیستەمێکی کۆمپیوتەریی کارەکان ئەنجام دەدرێت و شێوازە کلاسیکیەکە کۆتایی هاتووە، لە سیستەمە نوێیەکەدا کەرەستەکانی تایبەت بە دروستکردنی تابلۆ و مافوورەکان، وەک سوف و داو، ڕەنگەکانییان کۆدێکی تایبەتی هەیە و ئەمەش وا دەکات کە هیچ هەڵەیەک و ناڕێکییەک لە کارەکەیان ڕوونەدات.
بنکەکە لە ساڵی ١٩٨٢ دروستکراوە بەڵام هیچ کارێکی تێدا نەکراوە تا ساڵی ١٩٩٨ و لەلایەن حکوومەتی هەرێم شوێنەکە نۆژەنکراوەتەوە و پێداویستییەکانی بۆ دابینکراوە، هاوکات ژمارەیەک کارمەندیش ئەوکات بەشێوەیەکی کاتی دامەزراون و دەستیان بە دروستکردنی مافووری بچووک کردووە و دوای ژمارەیەک ڕاهێنان، ئینجا پەرەیان بە کارەکەیانداوە.
بەڕێوەبەری بنکەی مافووری هەریر، مەجید جەلال بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ساڵی ١٩٩٨ حکوومەتی هەرێم، بنکەی مافووری هەریری نۆژەنکردەوە و پێداویستییەکانی بۆ دابینکرد، هەروەها ١٠٠ کارمەندی بەشێوەی گرێبەست دامەزراند و ئینجا دەستکرا بە ڕاهێنانی کارمەندەکان، سەرەتا بەدروستکردنی چەند تابلۆیەکی بچووک دەستمان پێیکرد، دواتر توانیمان پەرە بە کارەکان بدەین و هەڵساین بە دورستکردنی مافووری قەبارە گەورە، جۆرەها مافوورمان دروستکرد کە پەیوەندی بە کولتوور و کەلەپوورەوە هەبوو، ئێستاش بە تەواوی کارمەندەکانەوە ئەزموونێکی باشمان لەم بوارەوە پەیدا کردووە".
لەبارەی دابینکردنی پێداویستییەکان، مەجید جەلال گوتی: "بەهۆی ئەوەی بنکەکەمان سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێری سەر وەزارەتی ڕۆشنبیرییە، ئەوان هەم نرخی بەرهەمەکان دیاری دەکەن، هەم پێداویستییەکانمان دابین دەکەن وەک سوف، داو، ڕایەڵ و کەرەستەکانی دیکە، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە کەمتر پاڵپشت دەکرێین".
بەگوتەی بەڕێوەبەری بنکەکە پێشتر ئاستی بەرهەمهێنانیان زیاتر بوو بەراورد بە ئێستا، هۆکارەکەیشی بۆ قەیرانی دارایی و بە بازاڕنەکردنی بەرهەمەکانییان دەگەڕێتەوە و، لەمبارەیەوە مەجید جەلال گوتی: "پێشتر بەرهەمی مانگانەمان چوار مەتر چوارگۆشە بوو، بەڵام ئێستا بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕێژەکە دابەزیووە بۆ یەک مەتر چوارگۆشە، لە کۆی ئەو حەوت بنکەی مافوورەی هەرێم، ئێمە هەمیشە پێشەنگ بووینە بەهۆی سەلیقە و هونەریی لە کارەکانماندا، بەڵام ئێستا جگە لە دابینکردنی کەرەستەکان ئەوا گیروگرفتەکانمان لە بەبازاڕکردنیش هەیە، ئەگەر وەزارەتی ڕۆشنبری هەوڵبدات بازاڕ بۆ بەرهەمەکانمان بدۆزێتەوە ئەوا بێگومان دەتوانین کارەکانمان خێراتر بکەین و بەرهەمی جوان بخەینە بازاڕەوە".
مەجید جەلال گوتیشی: "لەناو وەزارەتی ڕۆشنبیری پێشانگایەکمان هەیە، هەروەها لەسەر قەڵای هەولێر دوو ژوورمان هەیە وەک پێشانگایە و کارەکانمان لەوێ نمایش دەکرێت، هەر گەشتیارێک بچێتە ئەوێ تابلۆ و بەرهەمەکانمان دەبینێت، ڕۆژانە خەڵک سەردانی ئەو شوێنە دەکات، بەهۆی ئەوەی کارەکانمان کاری دەستییە و بە کوالێتییەکی بەرز دروست دەکرێت، ئەوا بێگومان نرخەکەشی بەرزە".
بەرهەمی کارە دەستییەکان زۆرجار وەک دیارییەکی بە نرخ پێشکەش بەو شاندە فەرمییانە دەکرێت کە سەردانی هەرێم دەکەن و، لەمبارەیەوە مەجید جەلال گوتی: "کاتێک شاندێک دێتە هەرێم یان شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی دەرەوە دەکات، یەکێک لەو تابلۆیانە دەکەنە دیاری کە بنکەکانی مافوور دروست دەکرێن، بۆ نموونە بەرهەمەکانی ئێمە وەک دیاری دراوە بە پەرلەمانی نەورویج، هەروەها دراوە بە وڵاتی فەڕەنسا، بەرهەمەکانمان وەک دیاری پێشکەش بە زۆربەی ئەو میوانانە بیانیانە دەکرێت کە سەردانی هەرێم دەکەن".
لە ئێستادا ٤٠ کارمەند لە بنکەی مافووری هەریر کار دەکەن کە زۆرینەیان ئافرەتن، هەروەها بەشێکیان لەکاتی کارکردن بەهۆی ڕێوشوێنی خۆپارێزی دەگرنەبەر لەوانە بەکارهێنانی ماسک، بەڕێوەبەری بنکەی مافووری هەریریش لەمبارەیەوە دەڵێت: "سەدا ٩٥ی کارمەندەکانمان ئافرەتن، ئەوان سەلیقەیان جوانترە بۆ کاری دەستی، هەروەها زۆر گرنگیمان بە لایەنی تەندروستیداوە، چونکە ئەو کەرستانەی کە کاری پێدەکرێت ماددەیەکی کیمیاییە و ڕەنگە کاریگەری لەسەر کۆئەندامی هەناسە هەبێت، هەروەها ئامێرەکانیش هەندێکجار دەبێتە هۆی مەترسی لەسەر کارمەندەکە، بۆیە تا ئاستێک ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزیمان گرتووەتەبەر".
ژیان هۆشیار کارمەندێکی بنکەی مافووری هەریرە، ئەو ڕۆژانە ماوەی هەشت کاتژمێر خەریکی چنینی مافوور و تابلۆکانە، ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی ئەوەی کارەکانییان هونەری کاری دەستییە بۆیە هەست بە ماندووبوون و سەختی ناکەن.
ژیان هۆشیار بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ١٥ ساڵە لێرە کار دەکەم، ڕۆژانە هەشت کاتژمێر خەریکی چنینی مافوور و تابلۆکانین، بەهۆی ئەوەی کارەکانمان بەشێکە لە هونەر، بۆیە کەمتر هەست بە ماندووبوون دەکەین، لە کارەکانمان چەند کەرەستەیەکی وەک ڕایەڵ، پەت، قولاب، شیش و مقەست بەکاردەهێنین، بێگومان هەموو ئەوانە پێویستیان بە گرتنەبەری ڕێوشوێنەکانی خۆپارێزی هەیە و، من ماسک بەکاردەهێنم".
ئەمەل مەسعود کارمەندێکی دیکەی بنکەی مافووری هەریرە و، ئاماژە بە هەردوو شێوازی کلاسیکی و کۆمپیوتەری کارەکەیان دەکات و جەخت لەوە دەکاتەوە کە سیستەمی کۆمپیوتەری وایکردووە کارەکانییان ئاسانتربێت.
ئەمەل مەسعود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە ڕۆژانە دێینە سەر کارەکانمان، دەبێت پێشوەختە پڕۆڤەمان هەبێت بۆ ئەوەی هەڵەیەک لە کارەکەمان ڕوونەدات چونکە بچووکترین هەڵە تابلۆکان ناڕێک دەکات، لە کارەکانماندا چەند ئامێرێک بەکاردەهێنین، هەروەها سوف و داو و چەند کەرەستەیەکی دیکە بەپێی جۆر و شێوازی تابلۆکە بەکاردەهێنین".
ئەمەل مەسعود گوتیشی: "کارەکانمان بە دوو شێوازە، بە شێوازی کلاسیکی و بەشێوازی کۆمپیوتەری، شێوازی کلاسیکی دەبێت بەچاو سەیری کارەکان بکەیت و ڕەنگەکان دابەش بکەیت، بچووکترین هەڵە وا دەکات سەر لەنوێ دەست بە چنین بکەیتەوە و ئێستا ئەم شێوازە بەکارنایەت، بەڵام شێوازی کۆمپیوتەر چونکە کۆد و ژمارە لەسەر ڕەنگەکان دانراوە، ئەمە وا دەکات کارەکان ئاسانتربێت و هیچ هەڵەیەک ڕوونادات، ئەگەر هەڵەیەکیش ڕووبدات ئاسان و خێراتر دەتوانین چاکی بکەین".
کارگەی ڕستن و چنین و بنکەکانی مافوور، پێشتر یەکێک بوو لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بە وەزارەتی پیشەسازی، بەڵام پێش چەند ساڵێک بە بڕیارێک خرایە سەر وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان و لە ئێستادا لە پێشانگایەکی حکوومی لەسەر قەڵای ھەولێر، مافوورە دروستکراوەکان دەفرۆشرێن و پارەکەی دەگەڕێتەوە گەنجینەی حکوومەتی ھەرێم.