Buket Güven
09 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 10 نیسان 2020
ئەنقەرە - AA
وەزارەتى تەندروستیى توركيا، بڵاویكردهوه لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، چوار ھەزار و ٥٦ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆناى نوێ (COVID-19) بوون، ٩٦ کەسیش گیانيان لەدەستداوە، كۆى گشتیى ژمارەی توشبووانیش گەیشتە ٤٢ ھەزار و ٢٨٢ کەس، ژمارەی ئەو کەسانەش کە تا ئێستا گیانیان لەدەستداوە گەیشتە ٩٠٨ کەس و دوو هەزار و ١٤٢ نەخۆشيش چاكبوونەتەوە و نەخۆشخانەيان جێهێشتووە.
بە گوێرەى دوايين ئامارەكانى "نەخشەى رۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە توركيا" كە لە ماڵپەڕى وەزارەتى تەندروستیی توركيا بڵاوكراوەتەوە، ئەمڕۆ ٢٨ هەزار و ٥٧٨ پشكنينى (COVID-19) ئەنجامدراوە و چوار هەزار و ٥٦ حاڵەتى تووشبوون بە ڤايرۆسى كۆرۆنا دەستنيشانكراوه، ٢٩٦ نەخۆش چاكبوونەتەوە و ٩٦ تووشبووش گيانيانلەدەستداوە.
بە گوێرەى نەخشەكە، كۆى گشتيى، ٢٧٦ هەزار و ٣٣٨ پشكنينى (COVID-19) ئەنجامدراوە، ٤٢ هەزار و ٢٨٢ حاڵەتى تووشبوون و ٩١٨ گيانلەدەستدان ههیه. كۆى ئەو نەخۆشانەى كە لە ژێر چاودێرى چڕدان هەزار و ٥٥٢ نەخۆشن و كۆى گشتى ئەو نەخۆشانەى كە لە رێگەى ئامێری هەناسەدانی دەستکردەوە هەناسە دەدەن هەزار و ١٧ نەخۆشن و كۆى گشتى ئەو نەخۆشانەى چاكبوونەتەوە و نەخۆشخانەيان جێهێشتووە گەيشتە دوو هەزار ١٤٢ نەخۆش.
- "خێرايى زيادبوونى حاڵەتەكانى تووشبوون بەلاى كەمبوونەوەدايە"
وەزيرى تەندروستى توركيا، فەخرەددين كۆجا، لە رێگەى هەژمارى تايبەتى خۆى لە تويتەرەوە "نەخشەى رۆژانەى ڤايرۆسى كۆرۆنا لە توركيا" كە لە ماڵپەڕى وەزارەتى تەندروستى توركيا نوێدەكرێتەوە، بڵاوكردەوە و ئاماژەى بەوە كردووە كە ٢٩٦ تووشبووى كۆرۆناى ديكە چاكبوونەتەوە.
لە تويتەكەى كۆجادا هاتووە: "ژمارەى ئەو نەخۆشانەمان كە چاكبوونەتەوە و نەخۆشخانەيان جێهێشتووە گەيشتووەتە دوو هەزار و ١٤٢ كەس، نزيكبووينەتەوە لە ئەنجامدانى ٣٠ هەزار پشكنين لە رۆژێكدا. سهرهڕای ههڵكشانی ژمارهی پشکنینەکانمان، خێرایی زیادبوونی حاڵهتهكان روو له داكشانه. ڤایرۆسهكه هێز له ژینگهی پێكهوهبوون وهردهگرێت، با لهماڵهوه بین".