Zana Natık Kerem
27 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2022
ھەولێر ــ AA
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب رایگەیاند کە لە ماوەکانی داھاتوودا، جۆرێکی نوێ لە دراو کە ٢٠ ھەزار دینارییە دەردەکەن و ئاماژەی بەوەداوە، ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار کراوە، کاریگەریی ئەرێنیی ھەبووە.
مستەفا غالب لە گوتەیەکدا لە میانی دیداری رافیدەین بۆ دیالۆگ لە بەغدا رایگەیاند کە لەئێستادا، بانکی ناوەندیی نیازی نییە گۆڕانکاریی لە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار بکات و گوتی: "ھێشتا عێراق لە قۆناغە سەرەتاییەکان دایە و ئەو گۆڕانکارییەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار کراوە، کاریگەریی ئەرێنیی ھەبووە، بەڵام ھەندێک نیشاندەری نەرێنیی ھەیە کە ھەوڵدەدەین لە ماوەکانی داھاتوودا، چارەسەریان بکەین".
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق ئەوەیشی وەبیرھێنایەوە کە پێشتر بانکی ناوەندیی پڕۆژەیەکی بۆ لابردنی سفرەکانی سەر دینار پێشکەش کردبوو، بەڵام تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە و گوتی: "ئەو کارە پێویستی بە دەرکردنی یاسا ھەیە، ئەمە جگە لەوەی کە پڕۆژەکە پێویستی بە ھەندێک ھەموارکردن ھەیە".
مستەفا غالب باسی لەوەیش کرد کە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە، پێویستی بەسەقامگیربوونی ھەیە، ھەروەھا پێویستە کەشێکی لەبار برەخسێندرێت، بۆ ئەوەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە قبوڵ بکرێت.
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب لە بەشێکی قسەکانییدا ئاماژەی بەوەدا کە لە ماوەکانی داھاتوودا، جۆرێکی نوێ لە دراو کە ٢٠ ھەزار دینارییە دەردەکەن و گوتی: "بانکی ناوەندیی کار دەکات بۆ تەواوکردنی شێوەی دراوە نوێیەکە کە شێوەکەی لە میانی رۆژانی داھاتوودا، رادەگەیەندرێت".
ئەوەیشی خستەڕوو کە بانکی ناوەندیی، نرخی سووی لەسەر ئەو قەرزانەی کە بۆ جێبەجێکردنی چەندین پڕۆژە پێشکەشی کردووە، کەمکردووەتەوە بە تایبەتیش لە پڕۆژەکانی کەرتی نیشتەجێبووندا کە لەسەدا ٣٠ی کەرتەکان پێکدەھێنێت.
مستەفا غالب ئاشکراشی کرد کە بانکی ناوەندیی، پلان و ستراتیجییەتی بۆ پێنج ساڵ ھەیە، بەڵام ئەگەری ھەیە جێبەجێکردنیان دوابخرێت، ئەوەیش بەھۆی ئەوەی بانکەکەیان لە چەند بوارێکدا بەرەوڕووی ئاستەنگ بووتەوە و گوتی: "بانکی ناوەندیی چەندین ھەنگاوی بۆ پەرەپێدان بە کەرتەکانی بانک و دارایی ناوە، لەوانە ھەڵوەشاندنەوەی سوو، سەپاندنی رسوماتی کەم بۆ گەشەپێدان بە پڕۆژەکانی پیشەسازیی، نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ".
پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی کە رەوشی سیاسی و ئەمنیی لە وڵات، کاریگەریی لەسەر سەرجەم کەرتەکاندا دەبێت، بەتایبەت کەرتی بانکەکان کە رۆڵێکی گرنگی هەیە لە باشکردنی رەوشی ئابووریی و گوتی:"بانکی ناوەندیی دەستپێشخەر بووە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی بانکەکان و پتەوترکردنی پەیوەندیی لەگەڵ بانکە عەرەبی و نێودەوڵەتییەکاندا".