ههولێر
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ژمارەیەك بەڵێندەری پترۆدۆلار بە نوێنەرایەتی بەڵێندەرانی كوردستان، سەردانی لیژنەی داراییان لە پەرلەمانی كوردستان كرد.
نوێنەری بەڵێندەرانی پترۆدۆلار بەختیار جەمال، بۆ ئانادۆڵو گوتی: "وەكو نوێنەری بەڵێندەرانی ناوچە جیاجیاكان، سەردانی لیژنەی داراییمان لە پەرلەمانی كوردستان كرد وەكو بەڵێندەرانی پرۆژەكانی پترۆدۆلار لە هەرێمی كوردستان، گرێبەستمان لەگەڵ لیژنەی باڵای پەرەپێدانی ناوچە جیاجیاكان هەیە ئێستا حكوومەتی هەرێم بڕیاری داوە سەدا 15پێشینەكان خەرج بكات، بانكی كوردستانی نێودەوڵەتیش لەگەڵ لیژنەی پەرەپێدان سەد دۆلار بە 125 هەزار دینار خەرج دەكەن، ئەوەش وایكردوە، لە 10 هەزار دۆلار 600 هەزار دینار زەرەر بكەین، داوامانكردووە، پارەكە بە دۆلار خەرج بكەن، یان دۆلار بە نرخی رۆژ بێت، چونكە بەپێی گرێبەستی نێوان ئێمە و حكوومەت پارەكە دۆلارە نەك دینار".
ئەو بەڵێندەرە گوتیشی: "داوامان لە لیژنەی دارایی پەرلەمان، كردووە، كە قسە لەگەڵ لایەنەكانی پەیوەندیدار، بكەن، چونكە ئێمە زەرەر دەكەین".
هەروەها بەختیار ئەوەشی گوت: "داوامان لە وەزارەتی دارایی ئەوەیە كە بڕیارە وەزارەتی دارایی سەدا بیستی حەقی پرۆژەكان خەرج بكات، پرۆژەكانیش سەدا نەوەتی تەواو بووە، هیوادارین حكوومەت پابەندی بەڵێنەكانی ببێت".
سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری عزەت سابیر رایگەیاند "ئەمڕۆ نووسراو ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەكەین، بۆ ئەوەی گرێبەستی نێوان ئەو بەڵێندەرانە و حكوومەت وەكو خۆی جێبەجێ بكرێت".
بەڵێندەران جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە، بەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێم زەرەرمەند دەبن، چونكە ئەوان كارەكانیان بە دۆلار جێبەجێ دەكەن.
هەروەها جەختیان لەسەر ئەوە دەكردەوە، كە با پێشینەكان وەك خۆی جێبەجێ بكرێت.
ئەوان ئامادەی خۆیان نیشاندا، ئەگەر حكوومەتی هەرێم سوورە لەسەر بڕیارەكەی ئەوا پێشنیاز دەكەن، جیاوازی پارەی عێراقی و دۆلار بۆ كەسوكاری شەهیدان خەرج بكرێت، نەك بۆ بانكەكانی ئەهلی بێت.
ئەو بەڵێندەرانە زیاتر لە 100 كەس دەبن، لەسەر بوودجەی پترۆدۆلار پرۆژەكانیان جێبەجێ دەكەن، بەدۆلاریش لەگەڵ حكوومەتی هەرێم گرێبەستیان كردووە.
كەچی لە ئێستادا حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ 100 دۆلار 125 هەزار دیناری عێراقی خەرج دەكات. ئەوانیش بە زەرەری دەزانن چونكە 100 دۆلار نرخی 130 هەزار دینارە.