26 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 27 نیسان 2020
بەغدا ــ AA
حكوومەتی عێراق رایگەیاند كە بەهۆی ئەوەی هەولێر پابەند نەبووە بە بەڵێنەكانی سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتی فرۆشتنی نەوت بە بەغدا، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی راگرتووە.
لەوبارەوە ئاژانسی هەواڵیی فەرمی عێراق بەڵگەنامەیەكی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی بڵاوكردووەتەوە كە تیایدا داوا لە وەزارەتی دارایی كراوە، خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە مانگی كانوونی دووەمی رابردووە رابگرێت و ئەو مووچانەش كە تا ئێستا خەرجكراون بیانگێرێتەوە.
لە بەڵگەنامەكەدا هۆكاری راگرتنی خەرجكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بۆ ئەوە گەڕێندراوەتەوە کە هەولێر پابەند نەبووە بە بەڵێنەكانی سەبارەت بە رادەستكردنی داهاتی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە بە بەغدا كە پێشتر هەردوولا لەسەری رێككەوتوون.
لە كۆتایی 2019دا وەزیری نەوتی عێراق، سامر غەزبان رایگەیاندبوو لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێككەوتوون کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، هەرێم داهاتی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێكدا رادەستی كۆمپانیای "سۆمۆ" بكات و لەبەرامبەردا حكوومەتی عێراق پشكی هەرێم لە بوودجەی گشتی دەنێرێت.
لە مانگی ئاداری رابردوو، سامر غەزبان رایگەیاندبوو كە بەپێی ئەو رێككەوتنە، هەرێم داهاتی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتەی رادەستی بەغدا نەكردووە.
دوێنێ شەممە وەزیری شارەوانییەكانی عێراق، بەنگین رێكانی لە لێدوانێكدا رایگەیاندبوو كە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا، ئەستەمە مووچەی مانگی داهاتووی فەرمانبەران بدرێت.
هاوكات سەرچاوەیەكی حكوومی كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند كە بەپێی یاسای بوودجەی ساڵی رابردوو، وەزارەتی دارایی راسپێردراوە ئەو ىڕە پارانەی كە لە مانگی كانوونی دووەمەوە تا ئێستا بۆ هەرێمی كوردستان خەرجكراون، بگێڕدڕێنەوە.
بەغدا مانگانە 453 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكات.
تا ئێستا هیچ روونكردنەوە و لێدوانێك لەوبارەوە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستان نەدراوە.