سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
نزیک دەبێتەوە لە مانگێک کە دیناری عێراقی بەهاکەی لەبەرامبەر دۆلاردا لەدەست داوە و لەگەڵ هەوڵەکانی حکوومەتی ناوەندییشدا بۆ رێگریکردنی زیاتر لە دابەزینی دراوی دینار، ناوبەناو نرخی دۆلار لە ١٤٧ هەزارەوە بۆ ١٦١ هەزار دینار دەکەوێتە کێشمەکێشمەوە و بەمەش زیانێکی زۆر بەر هاووڵاتییان و بازرگانان دەکەوێت.
بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار وای کردووە کە نرخی شمەکی بازرگانی هاوردەکراو لە دەرەوەی وڵات بەرزبێتەوە و ئەمەش بۆتە بارگرانی بەسەر هاووڵاتییانەوە، لەکاتێکدا بەپێی گوتەی شارەزایان لەسەدا ٨٧ی شمەکی نێو بازاڕەکان وابەستەی هاوردەکانە.
چەند بۆچوونێکی جیا لەسەر هۆکاری دابەزینی بەهای دۆلار هەیە ئەوانەش؛ بلۆککردنی چەند بانکێکی عێراقی لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە گومانی ئاودیوکردنی دۆلار لە بازاڕەکانی عێراق بۆ ئێران کە لەلایەن خۆیەوە سزای ئابووری بەسەردا سەپێنراوە، وەک هەندێک لە بازرگاکان پەییان پێ بردووە ماوەی مانگێکە دراوی سپاچەکی ئێرانی لە بازاڕەکانی عێراقدا زیادی کردووە.
بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هۆکارەکانی بەرزی و نزمی بەهای دۆلار لەماوەی یەک مانگی رابردوودا، ئاژانسی ئانادۆڵو بۆچوونی شارەزای بواری کارگێری دارایی و گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی جەبار گۆران-ی وەرگرت.
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی جەبار گۆران، لەبارەی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی بەهاری دۆلاری ئەمریکی لەبەرامبەر دیناری عێراقی، گوتی: "هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بەرامبەر دیناری عێراقیدا دەگەڕێتەوە بۆ میکانیزمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە کە نزیکەی مانگێکە ئاستی فرۆشتنی دۆلاری بۆ نیوە دابەزاندووە. ئەمەیش کاریگەری لەسەر بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار دادەنێت وەک ئێستا کە لە بازاڕەکاندا دەیبینین. هۆکاری ئەوەی بانکی ناوەندیی خستنەڕووی دۆلاری کەم کردووەتەوە، ئەوەیە پێشتریش سەرنج و تێبینی هەبوون لەسەر هەندێک لە بانکەکانی عێراق کە تەحریری دۆلاری ئەمریکییان کردووە لە بەرژەوەندی ئەجێندایەکی دەرەکی (ئێران) و بۆ تەهریبی دراوی دۆلار و بۆ تەمویلکردنی بازاڕەکانی دەرەوەی عێراق بەکارهاتووە. هەر لەو نێوەندەیشدا چوار بانک خراونەتە لیستی رەش و دوورخراونەتەوە لەوەی دۆلاری ئەمریکییان پێ بفرۆشرێت. ئەمانەیش کاریگەرییان لەسەر قەبارەی خستنەڕووی دۆلار لە بازاڕەکاندا دروست کردووە، چونکە پێشتر ئەو بانکانە بەڕێژەی لەسەدا ٤٠ پشکیان هەبوو لە وەرگرتنی دۆلار لە بانکی ناوەندیی عێراقی، بەڵام بانکی ناوەندیی دەتوانێت هەندێک میکانیزم و رێوشوێن بگرێتە بەر تاوەکو بەهای دۆلاری ئەمریکی لە بەرانبەر دیناری عێراقی هاوسەنگ بکاتەوە بە جۆرێک کە هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان رووبەڕووی زیان نەبنەوە".
گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی کە هاوکات ماستەری هەیە لە کارگێڕی دارایی و ئێستا خوێندکاری دکتۆرایە لە هەمان بەش، باسی لەوە کرد، سێ سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی دۆلار بۆ بازاڕەکانی دۆلار لە هەرێمی کوردستان هەن و گوتی: "سەرچاوەی دۆلار لە بازاڕی دۆلارەکەی هەولێر و سلێمانی، بەشێکی پەیوەندی بە بازرگانەکانەوە هەیە، چونکە ئەو کەسانە پەیوەندیی بازرگانییان لەسەر ئاستی عێراق و دەرەوەی عێراقیش هەیە. بەشێکیشی پەیوەندی بە بانکەکانی هەرێمی کوردستان خۆیەوە هەیە لە ئەنجامی فرۆشتنی نەوت، ئەو دۆلارەی بەدەست دێت دێتە ناو بازاڕەکان و دەگۆڕدرێتەوە بە دیناری عێراقی. بەشێکی دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندیی نێوان پارێزگانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەبەردەوامی پەیوەندیی ئاڵوگۆڕی دراو لەنێوان پارێزگاکانی هەرێم و ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە. بۆ نموونە ئەو کاتەی ئاستی بەهای دۆلار لە بەغدا نزمە و لە هەرێمی کوردستان بەرزترە، بازرگانەکان لەوێ دەیکڕن و لێرە دەیفرۆشنەوە، بە پێچەوانەیشەوە هەر بەو جۆرەیە. کەواتە دەتوانین بڵێین سێ سەرچاوەی سەرەکی هەن؛ یەکەمیان فرۆشتنی نەوت بە دۆلار لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە کە بۆ ئیلتیزاماتی مووچە و خزمەتگوزاریی هاووڵاتییان دۆلار دێتە ناو بازاڕ و دەگۆڕدرێتەوە بە دینار. دووەمیان بازرگانەکان و سێیەمیشیان پەیوەندیی نێوان پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق".
جەبار گۆران روونیشی کردەوە "بێ گومان، ئەو کاتانەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان ئیلتیزاماتی پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمیان لەسەرە، لەو کاتانەدا دۆلار دەخەنە بازاڕەکانەوە. هەموو کاتێک نزیکی سەری مانگەکان عادەتەن بە چەند پۆینتێک دۆلار لە بەرانبەر دیناردا دادەبەزێت. هەر وەک ئەوەی لەم چەند رۆژەی پێشوودا بینیمان کە بەهۆی دابەشکردنی مووچەوە بەهای دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، بەتایبەتی سلێمانی و هەولێر، نزمتر بوو لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق. لەبەرئەوەی قەبارەی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکەکانی هەرێمی کوردستانەوە زیاتر بوو. لەم هەفتەیەدا نزیکەی ٤٠٠ بۆ ٤٢٠ ملیۆن دۆلار فرۆشراوە. ئەمەش وایکرد تا ئاستێک بەهای دۆلار لە بەرانبەر دیناردا داببەزێتەوە".
سەبارەت بە نرخی جێگیری دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراق و خواست و خستنەڕووی دۆلار و کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان، جەبار گۆران گوتی: "بانکی ناوەندیی عێراق بەهای فەرمیی دۆلاری ئەمریکی لە بەرانبەر دیناری عێراقیدا جێگیر کردووە، واتە جێگیرە و لە بازاڕەکانی ئاڵوگۆڕی دراودا مامەڵەی پێوە ناکرێت. ئەمەیش لە زانستی داراییدا پێی دەگوترێت "سیاسەتی نرخی ئاڵوگۆڕی جێگیر". بنەمای نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینار بانکی ناوەندییە. ئەوەیشی لە بازاڕەکاندا بەرزی و نزمی پێوە دەکرێت پەیوەندی بە خواست و خستنەڕووەوە هەیە و ناوەندە سەرەکییەکەی بەغدایە. هەر کاتێک نرخی دۆلار کە لە بەغدا بەرز دەبێتەوە، راستەوخۆ کاریگەری و کاردانەوەی لەسەر هەرێمیش دەبێت، واتە نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە."
گوتیشی کە لە رووی بنەما و زانستی داراییەوە بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەم شێوەیەی ئێستا "نالۆجیکە" و گوتی: "ئەگەر لەڕووی بنەماکان و زانستی داراییەوە سەیر بکەین، مادام نرخی یەک دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە بە هەزار و ٤٦٠ دینار جێگیر کراوە، کەواتە ئەوپەڕی نرخی یەک دۆلار نابێت بگاتە هەزار و ٤٨٠ دینار. واتە ئەوپەڕی دەبێت تەنها دوو هەزار دینار جیاوازی هەبێت. لەبەر ئەوەی نرخی دۆلار لە عێراقدا جێگیرە. بۆیە مەنتقی تیا نییە ئەگەر نرخی یەک دۆلار بگاتە هەزار و ٥٠٠ دینار. ئەو کەلێنە فراوانەی نێوان نرخی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی کە جێگیر کراوە لەگەڵ نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا، کەلێنێکی یەکجار زۆرە و هیچ مەنتیقێکی تیادا نییە. ئەمەی ئێستا روودەدات دۆخێکی نائاساییە. پێویستە بۆ داهاتوو بانکی ناوەندیی بە میکانیزم و رێوشوێنی باشتر دۆلار بفرۆشێت".
جەبار گۆران پێی وابوو کە بانکی ناوەندیی لەئێستادا بێدەنگە و بەپێی پێویست راگەیەندراو بڵاو ناکاتەوە و رایگەیاند "ئەو دۆلارانەی دەیانفرۆشێت ناوی ئەو بانکانەی تیادا نییە کە پێیان دەفرۆشێت. ئەمەیش گومان دروست دەکات. راماندەکێشێت بەرەو پرسیار و جارێکی تر گەندەڵی دروست دەکاتەوە، بۆ نموونە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق، ١١٢ ملیۆن و ٤٧٣ هەزار دۆلاری بە نرخی هەزار و ٤٦٠ دینار لە بەرانبەر یەک دۆلار فرۆشتووە، بەڵام لە بازاڕەکاندا نرخی ١٠٠ دۆلار ١٥٦ هەزار دینار زیاترە. واتە بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک ١٠ هەزار دینار جیاوازی هەیە. ئەگەر ئەمە لێکدانی ١١٢ بکرێت دەکاتە نزیکەی ١٢ ملیار دینار. ئەم بڕە پارەیە بۆ کێیە؟ ئەو بانکانە کێن کە ئەو دۆلارانەیان پێفرۆشراوە و ١٢ ملیار دینار قازانج دەکەن، لەکاتێکدا هیچ هاووڵاتییەکی ئاسایی عێراق و هەرێمی کوردستان لەم ئاڵوگۆڕەدا سوودمەند نابن، بەڵکو رووبەڕووی زەرەروزیانیش دەبنەوە. بەڕای من، ئەو بانکانە ئەوانەن کە هاندەرێکی دەسەڵاتدار لە پشتیانەوە هەیە. دەستڕۆیشتووەکان ئەم دۆلارانە وەردەگرن. کەسی ئاسایی ناتوانێت بەو قەبارە گەورەیە دۆلار لە بانکی ناوەندیی وەربگرێت".
جەبار گۆران گوتیشی: "ئەگەر لەڕووی بنەما داراییەکانەوە، خوێندنەوەیەکی زانستی بۆ بکەین، نابێت نرخی دۆلار لەمە زیاتر بەرز ببێتەوە، چونکە لەسەر ناوبانگی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندیی دەکەوێت، تەواوی پرۆسەکە دەکەوێتە ژێر پرسیار. بەڕای من مەترسی لەسەر دیناری عێراقی نییە. لەسەر ئاستی عێراق ٨١ بانک هەن، بانکی ناوەندیی دەتوانێت دۆلار بەوان بفرۆشێت، بەڵام بۆ نایفرۆشێت ئەمە پرسیارەکەیە".
جەبار گۆران باسی لەوە کرد کە لەئێستادا مشتومڕ لەسەر پلاتفۆڕمێکی ئەلیکترۆنی دەکرێت بۆ ئاڵوگۆڕی دراو و گوتی: "با بێن پلاتفۆڕمەکە چالاک بکەن، بەڵام تا ئەو کاتەی پلاتفۆڕمەکە چالاک دەکرێت و دەکەوێتە کار، پێویستە پشتیوانی لە بەهای دیناری عێراقی بکرێت و دۆلاری زیاتر بخرێتە بازاڕەکان و بفرۆشرێت تاکو خەڵک رووبەڕووی زیان نەبێتەوە. لەڕووی زانستی داراییەوە، نابێت نرخی دۆلار لەوە بەرزتر ببێتەوە و نامەنتیقییە، بەڵام ئێرە عێراقە و پڕە لە رووداوی لەناکاو. بڵاونەکردنەوەی رانەگەیەندراو لەلایەن بانکی ناوەندیی سەبارەت بەوەی ڕۆژانە چەندێک دۆلار دەفرۆشێت وا دەکات نرخی دۆلار بەرز ببێتەوە. لەبەر ئەوە هەموو رووداوەکان پەیوەستن بە بانکی ناوەندییەوە. ئەگەر دۆلار زیاد بفرۆشێت نرخی دۆلار دادەبەزێت، ئەگەر دۆلار کەم بفرۆشێت نرخی دۆلار بەرز دەبێتەوە".
سەبارەت بەوەی ئایا هەرێمی کوردستان و بانکەکانی دەتوانن کارێک بکەن نرخی دۆلار لە بەرامبەر دینار داببەزێنن، گوتەبێژی بازاڕی دۆلارەکە گوتی: "قەبارەی خستنەڕووی دۆلار لە هەرێمی کوردستان کەمترە بەبەراورد بە عێراق. بانکی ناوەندیی عێراق ئێستا زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن دۆلار دەفرۆشێت لەکاتێکدا پێشتر ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری دەفرۆشت. ئێستا ئەو بڕە کەمەی فرۆشتنی دۆلار لە هەرێمی کوردستان کاریگەرییەکی وەها لەسەر بەرزنەبوونەوەی نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دانانێت. خاڵێکی دیکەیش ئەوەیە ئەو دۆلارەی بانکەکانی هەرێمی کوردستان دەیفرۆشن، بە نرخی ناجێگیر دەیفرۆشن، واتە بەو نرخە نایفرۆشن کە بانکی ناوەندیی عێراقی جێگیری کردووە. سەد لەسەد ئەگەر بانکەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی جێگیری بانکی ناوەندیی عێراقی دۆلار بفرۆشن، کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار لە بازاڕەکاندا دەبێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

