Dlshad Saifaalddin Ahmed
01 حوزەیران 2017•نوێکردنەوە: 01 حوزەیران 2017
سلێمانی ـ AA
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاسین مەحمود رایگەیاند "لە ماوەی رابردوودا ئەوەی كێشەمان هەبوو لەسەری لەماوەی ئەم قەیرانی داراییەدا و كارەساتە گەورەكان كە بەسەر كەرتی ئابووری هەرێمی كوردستان هاتبوو، كەسێك نەبوو قیادەی بكات بە هەماهەنگی و هاوبەشی ئێمە و كەرتی گشتی، ئێستا كە لە لایەن جێگری سەرۆكوەزیران، قوباد تاڵەبانی دەستكراوە بە هەڵمەتێك بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو كێشانەی كە رووی كردووەتە كەرتی تایبەت لە وەبەرهێنان و بەڵێندەران و پیشەسازییەكان".
یاسین مەحمود لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی:" پێشتر دەیان كۆبوونەوەمان لەگەڵ حكوومەت كردووە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، بەڵام ئامانجیان جێبەجێكردنی بەڵێنەكان نەبووە، لەم دوو هەفتەی دوایدا چەند كۆبوونەوەیەكی گرنگمان لەگەڵ جێگری سەرۆكی حكوومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكان كردووە و ئەو كۆبوونەوانەی ئەمجارە ئامانجی جێبەجێكردنی لە پشتەوەیە".
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەران ئەوەشی گوت "ئەو كۆبوونەوانە بۆ ئەوەیە 2017 ساڵی بەرەنگاربوونەوەی كێشەكانی كەرتی تایبەت و داڕمانی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بێت، ئەوەی لەو كۆبوونەوانەدا دەستمان كەوت و لەم ماوەیەی كە حكوومەت ئاوڕی داوەتەوە لە كەرتی تایبەت 6 لەسەد وەبەرهێنانی دەرەكی گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان، هەروەها ئەو بەڵێنانەی حكوومەت راستەوخۆ دەخرێتە سەر وەرەقە و دەدرێتە دامودەزگاكانی حكوومەت بۆ جێبەجێكردنیان".
ئەو ئاماژەی كرد بەوەی "بە هۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا 200 كۆمپانیای گەورەی توركیا كە لە هەرێمی كوردستان كاریان دەكرد گەڕاونەتەوە، هەروەها لەو 43 ملیار دۆلارەی وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان 31 لەسەدی وەبەرهێنانی دەرەكی بوو كە بە هۆی قەیرانی داراییەوە 16 لەسەدی نەما، بە ئاوردانەوەی ئەم دواییەی حكوومەت لە كەرتی تایبەت 6 لەسەدی ئەو وەبەرهێنانە گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان كە دەگاتە دوو ملیار دۆلار".
یاسین مەحمود هەروەها گوتی: "لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا و دوای گەڕانەوەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كە بەسەردانێك لە دەرەوەی هەرێمی كوردستانە، كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان دەكرێت و كۆمەڵێك بڕیاری گرنگیان ئامادەكردووە بۆ كۆبوونەوەكە ، بە واژووكردنی ئەو بڕیار و رێنماییانەش وەبەرهێنان دەچێتە قۆناغێكی نوێوە و وەبەرهێنان هەنگاوێكی نوێ دەنێت بۆ پێشەوە.
بە گوتەی گوتەبێژەكەی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان "حكوومەتی هەرێمی كوردستان پلانێكی گشتگیری داناوە بۆ دەستپێكردنەوەی پڕۆژەكان، هەروەها هەموو بوودجەی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و پەرەپێدان و پترۆدۆلار دەكرێتە یەك بوودجە. لە بەرامبەردا ئەو بوودجانەی پەیوەندییان بە ژێرخان و ژیانی خەڵكەوە هەیە بە تایبەتی پڕۆژە ستراتیجییەكان لە رێگاو بان و پڕۆژەكانی ئاو لە ئایندەیەكی نزیكدا دەست پێدەكاتەوە".
یاسین مەحمود گوتيشی: "ئەگەر كۆبوونەوەكانی ئەم دواییەی حكوومەت و كەرتی تایبەت و ئاوڕدانەوەی ئەم دواییەی حكوومەت نەبوایە ئەوكات كەرتی تایبەتی كوردستان بە تەواوەتی لەناو دەچوو، بەڵام ئێستا ئومێدێكمان بۆ دروست بووەتەوە و جوڵەیەك لە بازاڕەكاندا دروست بووەتەوە و خواست لەسەر كەرتی خانووبەرە تا ئەندازەیەك هەیە، هەروەها بازاڕی كوردستانیش جوڵەیەكی تێدا دروست بووە".
ئەو باسی لەوەش كرد، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا دوو پڕۆژەی گرنگی پەسەندكردووە، یەكەم پڕۆژەی ستراتیجیەتی وەبەرهێنان و نەخشەی رێگای وەبەرهێنانە كە لە داهاتوویەكی نزیكدا وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دیاری دەكرێت كە لە شارەكاندا چی بكرێت و وەبەرهێنان دەكرێتە پاكێجێك و ئامادە دەكرێت، هەروەها نەخشەڕێگای ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی كوردستانیش لە ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند كراوە كە نەخشەڕێگایەكی گرنگە و هەرێم دەباتە قۆناغێكی نوێوە.
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە بەشێكی تری لێدوانەكەیدا بۆ ئانادۆڵو ئەوەشی گوت "ژمارەیەكی دیار لە وەبەرهێنەرانی هەرێم بە هۆی قەیرانی داراییەوە هەرێمیان بە جێهێشتووە و ئێستا لە وڵاتانی ئەورووپا و جیهان و شارەكانی تری عێراق وەبەرهێنان دەكەن، بۆیە پێویستە حكوومەت بەردەوام بێت لەسەر ئەم سیاسەتەی ئێستایی و ئاوڕی جددی بداتەوە لەوەی كەرتێكی بەهێزترمان هەبێت".
یاسین مەحمود باسی لەوەشكرد، لە لایەن سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و جێگرەكەیەوە پێیان راگەیەنراوە كە بڕیاردراوە بە دورخستنەوەی ئەو كەسانەی کە لە حكوومەتدا دژی كەرتی تایبەتن و هاوكاریان ناكەن.
بە گوتەی ئەو كارێكی تری حكوومەت بۆ وەبەرهێنەران، دانانی پێوەر دەبێت بۆ ئەو وەبەرهێنەرانەی لە ماوەی قەیرانی داراییدا هاوكاری حكوومەت و بانكەكانیان كردووە و مەدالیای رێزلێنانیان پێدەبەخشرێت، بۆ لەمەودواش حكوومەت مامەڵەیەكی تایبەت تر لەگەڵ ئەو وەبەرهێنەرانەدا دەكات.
لە ماوەی ئەم دوو هەفتەیەدا جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، قوباد تاڵەبانی دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ وەبەرهێنەران و بەڵێندەران ئەنجام دا، دواین كۆبوونەوەش رۆژی یەكشەممەی رابردوو بوو، وەبەرهێنەران و بەڵێندەران بە گەشبینییەوە باس لە دەرەنجامی كۆبوونەوەكە و بەڵێنەكانی حكوومەت دەكەن .
قوباد تاڵەبانی لەو كۆبوونەوەیەدا بەڵێنی چارەسەركردنی بەشێك لە كێشەكانی وەبەرهێنەران و بەڵێندەرانی داوە و ئاماژەی كردووە بەوەی ساڵی 2017 ساڵی بەدەمەوەهاتن و چاكسازییەكانی كەرتی تایبەت دەبێت لە هەرێمی كوردستان.