مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق
Arbil
ھەولێر ــ AA
باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان لەبارەی تاوانی کوشتنی گەشتیارێکی ھەرێمی کوردستان لە ئیستانبوڵ ڕایگەیاند، سەرجەم تاوانبارانی ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون و بەدڵنیاییەوە تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مەسعود بارزانی لە سەڵاحەددین پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان کردووە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کراوە.
باسی لەوەش کردووە کە لە میانی دیدارەکەدا، ئانل بۆرا ئینان خۆشحاڵیی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە دەستبەکاربوونی وەک باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق، ھەروەھا ویستی وڵاتەکەشی بۆ فراوانترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دووپات کردووەتەوە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانی و ھەماھەنگیی نێوان ھەردوولا.
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە ھەر لەو دیدارەدا، باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق بە وردی باسی لە تاوانی کوشتنی گەشتیارێکی ھەرێمی کوردستان لە تورکیا کردووە و وێڕای ئاراستەکردنی سەرەخۆشی و ھاوخەمیی خۆی بۆ مەسعود بارزانی و کەسوکاری قوربانییەکە، ڕاگەیاندووە، لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا بەدواداچوونی تەواویان بۆ ڕووداوەکە کردووە و ڕێکارە یاساییەکان گیراونەتەبەر و سەرجەم تاوانبارانی ئەو ڕووداوە دەستگیرکراون و بەدڵنیاییەوە تاوانباران بە سزای یاسایی خۆیان دەگەن.
ئاماژەی بەوەشداوە کە لای خۆیەوە مەسعود بارزانی ھیوای سەرکەوتنی بۆ باڵیۆزی نوێی تورکیا لە عێراق خواستووە و جەختی کردووەتەوە لە پەرەپێدان بە پەیوەندی و ھەماھەنگیی نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا.