Azat Muhammet
29 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 03 ئاب 2017
دهۆک - AA
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەعبان رایگەیاند: "پێچەوانەى هەموو ئەو دەنگە ناشازانەى گوایە تورکیا سنوور بەرووى هەرێمى کوردستان دادەخات، تورکیا پەرە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانى دەدات و دەروازەى زیاتریش لە نێوان هەرێم و تورکیا دەکاتەوە نموونەى زیندووش دەروازەى سەرزێڕە لە سنوورى شارۆچکەى ئامێدى".
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دڵشاد شەعبان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەنجامدانى ریفراندۆم هیچ کاریگەرییەکى نەرێنى ناخاتە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و تورکیا، بە پێچەوانەوە بەڵکو پەیوەندییەکان بەهێزتر دەکات، چونکە هەرێمى کوردستان سەرچاوەیەکى گرنگى دابینکردنى وزەیە بۆ تورکیا، لە ئێستادا هەرێم لە توانایدایە زیاتر لە ٥٠ لەسەدى پێداویستى وزەى تورکیا پڕبکاتەوە، ئامانجى تورکیایە ببێتە سەرچاوەی کۆکردنەوەى وزە".
گوتیشى: "تورکیا لە ساڵى ١٩٩٠ لە کاتى کۆچى ملیۆنى گەلى کورد پشتى لە خەڵکى هەرێمى کوردستان نەکردووە، وەک پەنابەر دەرگاى بە رووى خەڵکى هەرێم کردووەتەوە و کەمپى بۆ کردوونەتەوە و چەندین خزمەتگوزارى پێشکەش کردن، جا ئەگەر ئێستا دەنگێکى ناشاز هەبێت بانگەشەی ئەوە بکات کە تورکیا سنوور بە رووى هەرێمى کوردستان دادەخات، ئەمە لە دەنگۆیەکى ناڕاست هیچى تر نییە، چونکە تورکیا ئەو وڵاتە نییە پشت لە مرۆڤایەتى بکات و رەوشتى ئایینى و نەتەوەیی تورکیا ئەمە قبووڵ ناکات بەرامبەر هیچ نەتەوەیەک نەک تەنها گەلى کورد، کەواتە سنوور داخستن بە هیچ شێوەیەک روونادات".
دڵشاد شەعبان دووپاتى دەکاتەوە کە هەرێمى کوردستان هیچ کاتێک نابێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشى وڵاتانى دراوسێ، بە پێچەوانەوە دەبێتە سەرچاوەیەکى ئارامى و ئاڵوگۆڕى بازرگانى و ئابوورى.
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت "هەرێمى کوردستان لە توانایدایە زیاتر لە ٥٠ لە سەدى پێداویستى وزەى تورکیا پڕ بکاتەوە، ئەمەیش بۆ تورکیا و هەرێم گرنگە، تورکیاش هەرێم بە سەرچاوەیەکى گرنگ دەزانێت لە دابین کردنى نەوت و گازدا، ئەمەیش یوەندییەکانى پەیوەندییە ئابووریەکانى نێوان هەردوولا بەهێزتر دەکات و، بۆیە ئەنجامدانى ریفراندۆمى هەرێمى کوردستان کاریگەرى نەرێنى ناخاتە سەر پەیوەندییە ئابوورییەکانى تورکیا و هەرێم".
ئەو پەرلەمانتارەى پەرلەمانى کوردستان تیشکى خستە سەر ئاڵوگۆڕى بازرگانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان و ئاشکراى کرد کە "ساڵانە ٨ ملیار دۆڵارە، هەرچەند تورکیا وڵاتێکى دەوڵەمەندە، بەڵام ئەم رێژە ئاڵوگۆڕییە زۆرە".
"ئەگەر بەرز بوونەوەى نرخى نەوت بەردەوامى هەبێت، دۆخى دارایی هەرێم باشتر دەکات"
دڵشاد شەعبان ئاماژەى بە بەرزبوونەوەى نرخى نەوتدا و گوتى: "بەرز بوونەوەى نرخى نەوت پێویستە بۆ ماوەیەکى زۆر بەردەوام بێت، تا کاریگەرى لەسەر دۆخى دارایی هەرێم هەبێت، ئەگەر بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بەردەوامى هەبێت، دۆخى دارایی هەرێم باشتر دەکات، بەڵام بەرزبوونەوەى نرخى نەوت بۆ چەند کاتژمێرێک یان بۆ چەند رۆژێک هیچ لە بابەتەکە ناگۆڕێت، چونکە شێوازى گرێبەستەکان بە تێکڕاى نرخە، بۆ نموونە لە ماوەى سێ مانگدا سەرجەم داشکان و هەڵکشانەکانى نرخى نەوت لە تێکڕایەک کۆدەکرێنەوە و دابەشى سەر ٩٠ رۆژ دەکرێت یەک نرخى جێگیر بۆ سێ مانگ دەردەچێت".
"٥٢ کۆمپانیاى نەوتى لە هەرێم بەردەوامن لە کارەکانیان"
ناوبراو ئاشکراى دەکات کە لە ئێستادا زیاتر لە ٢٠ بلۆکى نەوتى دیکە لە هەرێمى کوردستان ئامادەى وەبەرهێنانى نەوتن، ئەمەیش گرنگى خۆى هەیە بۆ بەرزکردنەوەى رێژەى بەرهەم هێنانى ئاستى نەوتى هەرێم، لە ئێستاشدا زیاتر لە ٥٢ کۆمپانیاى نەوتى بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەو کۆمپانیایانەى لە کارەکانیان بەردەوامن هەندێکیان دوو بلۆکى نەوتیان هەیە و هەندێکیشیان یەک بلۆکى هاوبەشیان هەیە، ئەوەى گرنگ لە بەرهەم هێنانى نەوت بەردەوامن".
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەلەرمانی کوردستان، دڵشاد شەعبان باس لە کۆمپانیاى نەوتى تاقە لە سنوورى شارەدێى ئەتروشى سەربە شارۆچکەى شێخان دەکات و دەڵێت "کۆمپانیاى تاقە لە سنوورى ئەتروش کارەکانى دۆزینەوەى نەوتى تەواو کردووە و ئێستا سەرقاڵى بەرهەمهێنانە، لە یەک دوو رۆژى داهاتوو دەست بە هەناردە کردنى نەوت بۆ نێو بۆڕى سەرەکى هەرێمى کوردستان دەکات کە رۆژانە زیاتر لە ٣٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکەن".
- کردنەوەى پاڵاوگەى نەوتى لە سنوورى شێخان
جێگری سەرۆکی لیژنەی پیشەسازی وزە و سەرچاوە سرووشتییەکان لە پەلەرمانی کوردستان، دڵشاد شەعبان لەبارەى کردنەوەى پاڵاوگەى نەوتى لەسنوورى پارێزگاى دهۆک ئاشکراى دەکات کە رەنگە لە داهاتوودا پاڵاوگەیەکى گەورە لە سنوورەکە دەست بە کارەکانى بکەن، چونکە لە سنوورى شارۆچکەى شێخان لە ئێستادا زیاتر لە ١٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکرێت، هەر لەو سنوورە بۆڕییەکى نەوتى لاوەکى ٤٤ کیلۆمەترى دروستکراوە و بەستراوەتەوە بە بۆڕى سەرەکى نەوتى هەرێمى کوردستان، هەموو کۆمپانیایانەى لە سنوورەکە کار دەکەن بە نیازن تا ساڵى ٢٠١٩ بەرهەمهێنانى نەوت بگەیەنە ٣٥٠ هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بۆیە کردنەوەى پاڵاوگایەکى نەوتى لەو سنوورە بۆ بەرهەمێنان و پێداویستى ناوخۆ پێویستە، هەروەها بۆ دهۆکیش دەستکەوتە، چونکە لە هەموو پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان پاڵاوگە هەیە لە دهۆک نەبێت".