Dilşad Seyfeddin Ahmed
11 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 12 تشرینی دووەم 2015
سلێمانی
ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بە هاوكاری كۆمپانیای تەقەدوم بۆ رێكخستنی پێشانگاكان، رۆژی شەممەی داهاتوو یازدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی دەكاتەوە و ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت.
سەرپەرشتیاری پێشانگاكان لە ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئازاد شمقار لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بارەی پێشانگاكەوە گوتی: "كردنەوەی پێشانگای ئەمساڵ لە دۆخێكدایە كە كوردستان بە بارێكی زۆر ناهەمواری سیاسیی و ئابووری و قەیرانێكی سەختدا تێپەڕ دەبێت".
شمقار گوتی: "لە كردنەوەی پێشانگای ئەمجارەدا پەیامێكمان هەیە كە دەمانەوێت بە حكوومەتی بگەیەنین بەوەی دۆخی ئێستای كوردستان نابێتە هۆكاری راگرتنی كاری بازرگانان و لەو رێگەیەشەوە داوای باشتركردنی دۆخی ئابووری خەڵك و چارەسەركردنی كێشەو قەیرانەكان دەكەین".
سەرپەرشتیاری پێشانگاكە ئاماژەی كرد بەوەی دۆخی ئابووری كوردستان كاریگەری گەورەی كردووەتە سەر كارەكانیان، بەڵام دەیانەوێت لە رێگەی كردنەوەی ئەو پێشانگایەوە بەردەوامی بە كارەكانیان بدەن و پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانیش لە كاتی خۆیدا بكرێتەوە و كۆمپانیاكانی بیانی لە نزیكەوە دۆخی كوردستان ببینن.
لە یازدەهەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانیدا 160 كۆمپانیای بیانی و نێوخۆیی لەسەرجەم بوارەكاندا بەشدارییان كردووە.
پێشانگاكەش لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی لە ناوچەی تاسڵوجەی نزیك شاری سلێمانی دەكرێتەوە.