Fahrettin İbrahim
12 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2015
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان جەبار یاوەر لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی رەوشی ئێستای پێشمەرگەی کرد و لەسەر پرسی ئازادکردنی شنگال رادەگەیەنێ کە "تەنیا هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕی شنگال بەشدار دەبن".
جەبار یاوەر رایگەیاند: "بە ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانان توانیمان پاشەکشە بە داعش بکەین و خۆشبەختانە ناوچەکانی کوردستان تەنیا لە سەدا ٥%ی لە دەستیان ماوە، ئەویش ناوچەی شنگال و ھەندی ناوچەی باشیک و ھەندی گوندی گوێر ماون کە پێشمەرگەی کوردستان توانای کۆنترۆڵ کردنی ئەو ناوچانەی ھەیە و بەردەوامیشە لە پرۆسەی ئازادکردنی ناوچەکانی دیکە و ھەروەھا ئیتر داعش تەنیا لە بەرگری دایە و ناتوانێت ھێرش بکات".
یاوەر لە سەر مژاری شنگال و دواکەوتنی ئۆپەراسیونی مووسڵ بۆ ئانادۆڵو روونی کردەوە، "پرسی ئازادی شنگال پەیوەندی بە چەند بابەتێکەوە ھەبووە یەکەم وەزارەتی پێشمەرگە پێی باشترە کە رزگارکردنی شنگال لەگەڵ کۆنترۆڵکردنی مووسڵ بێت، لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆسەیە ئەگەر پێکەوە بێ ئەوا زیانی کەمتر بە ھێزی سەربازی دەگات و ھەروەھا ئەگەر مووسڵ رزگار بێت ئەوا تیرۆریستان بە ناچاری شنگال بەجێ دەھێڵن و خەڵک دەتوانێت بگەڕێتەوە و ھۆکاری سەرەکی رزگار نەکردنی شنگال پەیوەندی بە مووسڵەوە ھەیە".
ھەروەھا گوتی: "ئێمە ھەر لە ساڵی پارەوە پرسی رزگارکردنی مووسڵ لە گەڵ ھاوپەیمانان و حکوومەتی فیدراڵی تاوتۆی دەکەین بەڵام بەداخەوە ھێزەکانی حکوومەتی عێراق تا ئەو ساتەش ئامادە نەبوونە بەشداری لەو پرۆسەیەدا بکەن".
ھەروەھا یاوەر دەڵێت: "لە ئێستادا ئێمەبیرمان لەوە کردووە کە ئەگەر شنگالیش ئازاد بێت داعش لە مووسڵ بوونی ھەبێت ئەوا خەڵک ترسی و دڵەراوکێی زۆری دەبێت لەو ناوچەیە کەواتە پرۆسەکە پێکەوە دەبێت".
لەبارەی بەشداری ئەو ھێزەی بۆ رزگار کردنی شنگال رۆڵ دەبینێ، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "ھێزی لایەنێکی دیاریی کراو بە تەنیا بەشداری لە شەڕی رزگارکردنی شنگال و ناوچەکانی دیکە ناکات بەڵکو ھەموو پێشمەرگەیەکی خانەنشین و خەڵکی ئەو ناوچەیە و خۆبەخشەکان و بەگشتی ھەموو ھێزی چەکدار لە ھەرێمی کوردستان بەشداری لەو شەڕە دەکەن".
جەبار یاوەر سەبارەت بە ھێزی ھاوپەیمانان لە ھەرێمی کوردستان راگەیاند: "نزیکەی ١٢ وڵاتی ھاوپەیمان بە فەرماندەیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان مەشق بە پێشمەرگە دەکەن و ئەوان بەردەوام ھەماھەنگیان ھەیە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و چەک و تەقەمەنی و ھەندێ پێویستی دیکە بۆ پێشمەرگە دابین دەکەن".
گوتیشی: "لە دوای مانگی ھەشتی ٢٠١٤ وە ھاوپەیمانان بە سێ شێواز یارمەتی ھێزی پێشمەرگەیان داوە لە ئاسمان، بە مەشق و چەک و تەقەمەنی کە ھەندی چەک رۆڵی کاریگەریی ھەبووە لەشەڕەکە وەک میلان و دژە تانک بەڵام لە ئێستادا یارمەتییەکان کەم بوونەتەوە و ئەو شەڕە قورسەش پێویستی بە چەکی قورس ھەیە".