Dlshad Saifaalddin Ahmed
02 تشرینی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2019
سلێمانی ـ AA
ئەمڕۆ چوارشەممە شاندێکی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرھێنانی پۆلەندا سەردانی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی-یان کرد و لەگەڵ ژمارەیەک لە خاوەنکاران و بازرگانان و پیشەوارانی سلێمانی کۆبوونەوە.
دوای کۆبوونەوەکە جێگری سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی، یاسین عەبدولڕەحیم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "شاندەکە ماوەی دوو رۆژە لە ھەرێمی کوردستانن و ئەمڕۆ سەردانی شاری سلێمانی-یان کرد، دوێنێ سێسەمیش پرۆتۆکۆلێکی ھاوبەش لە نێوان ژوورە بازرگانییەکانی پۆلەندا و ژوورە بازرگانییەکانی ھەرێمی کوردستان لە ھەولێر ئیمزا کراوە، ئەوەش ئەنجامی ئەوەیە کە ئێمە پێشتر سەردانی وڵاتی پۆلەندا-مان کردووە و رێککەوتنمان کردووە و بەرنامە و کاری ھاوبەشمان دروستکردووە".
یاسین عەبدولڕەحیم گوتی: "لەو پرۆتۆکۆلەی لە نێوان ھەردوولا ئیمزا کراوە تێیدا باس لە چۆنێتی کارئاسانی بۆ خوێندکارانی ھەرێم و درێژەدان بە خوێندن لەو وڵاتە، ھەروەھا ھاوکاریکردنی ھەرێم لە بواری بازرگانی و پیشەسازی و سەردانی راستەوخۆی بازرگانان و پیشەسازانی ھەردوولا بۆ پۆلەندا و ھەرێم دەکات".
بەرپرسەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوان خوازیارن پۆلەندا ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بکات لە بنیاتنانی ژێرخانی ھەرێمدا، ھەروەھا ھەوڵدان بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ھەردوولا.
لە لای خۆیەوە نوێنەری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پۆلەندا، زیاد رەئوف گوتی: "پۆلەندا گرنگی خۆی ھەیە بۆ ھەرێمی کوردستان کە ئەزموونێکی تازەی ھەیە و سیستم و ئابووری خۆیان بنیات ناوە و لە زۆر بواردا بەتایبەت لە بواری کشتوکاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازیدا، ھەرێم دەتوانێت سوود لەو وڵاتە وەربگرێت".
ئەو باسی لەوەش کرد، لەئێستادا زیاتر لە ١٠٠ خوێندکار لە پۆلەندا درێژە بە خوێندن دەدەن و ژمارەیەکی تریش لەو وڵاتە خوێندنی باڵایان تەواو کردووە.