Zana Natık Kerem
29 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2023
ھەولێر – AA
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات کە ئێستا بەسەردانێکی فەرمی لەبەغدایە لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق، محەمەد عەلی تەمیم کۆبووەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، محەمەد عەلی تەمیم پێشوازیی کردووە لە وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات شاندی یاوەری کە لە ژمارەیەک بەرپرس و بازرگانانی تورکیا پێکھاتبوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسی پەیوەست بە پەرەپێدان بە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لە بوارەکانی ئابووریی، وەبەرھێنان و بازرگانی تاوتوێ کراون.
وەزارەتی پلاندانانی عێراق ڕاشیگەیاندووە کە لە کۆبوونەوەکەدا، ھەردوولا پەرۆشی خۆیان نیشانداوە لەوەی ھاریکاریی ھاوبەش و پێکەوە کارکردن لەنێوان عێراق و تورکیا پتەوتر بکرێت، بە جۆرێک ببێتە مایەی پەرەپێدان بە ژینگەی وەبەرھێنان لە عێراق، ھەروەھا زیادکردنی قەبارەی بازرگانیی نێوان ھەردوو وڵات.
لەئێستادا، بەرپرسانی تورکیا و عێراق بە سەردانیکردنی یەکتر لەسەر ئاستی باڵا، ھەوڵدەدەن پەیوەندییەکانی نێوانیان بەھێزتر بکەن، بە تایبەتی دوای ئەوەی لە ڕۆژی ٢٢ی ئەم مانگە وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا، ھاکان فیدان گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و لەلایەن وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن پێشوازی لێکرا.
ھاکان فیدان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیی ھاوبەش لەگەڵ فوئاد حوسێن ڕاگەیاندبوو کە لە ئێستادا، ئاستی قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق، گەیشتووەتە ٢٥ ملیار دۆلار و هەوڵدەدەن لە پرسی وزە، دۆسیەی ئاو و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر هەماهەنگی زیاتریان هەبێت.
دواتر ڕۆژی ٢٤ی ئەم مانگە، ھاکان فیدان لە بەغداوە گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
ھاوکات لەگەڵ سەردانەکەی ھاکان فیدان، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا، ئاڵپئارسڵان بایراکتار بەسەردانێکی فەرمی گەیشتە ھەولێر و لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بەرلەوەی وەزیری دەرەوە، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر بکەن، ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە وەزیری نەوتی عێراق، حەییان عەبدولغەنی سەردانی ئەنقەرەی کرد.
حەییان عەبدولغەنی لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری وزە و سەرچاوە سرووشتییەکانی تورکیا، ئاڵپارسڵان بایراکتار کۆبووەوە و لە میانیدا، پرسی دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی عێراقیان بۆ بەندەری جەیھانی تورکیا تاوتوێ کرد.