Alaattin Doğru
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە – AA
لە فەڕەنسا بڕیار درا دۆسیەی لێکۆڵینەوە لەبارەی تۆتاڵ ئەنەرجی "TotalEnergies" دابخرێت کە بەتۆمەتی "هاوبەشیکردن لە تاوانی جەنگ لە رێگای دابینکردنی سووتەمەنی بۆ فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا بۆ بۆردومانکردنی ئۆکراینا لە رێگای بەردەوامیدان بە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی رووسیا" دۆسیەی لەسەر کرابووەوە.
ماڵپەڕی "Sud Ouest"ی فەڕەنسی بڵاوی کردەوە ئەو دۆسیەیەی لەلایەن هەریەک لە دامەزراوەکانی "Darwin Climax Coalition"ی فەڕەنسی و "Razom We Stand"ی ئۆکراینی لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ بەتۆمەتی "هاوبەشیکردن لە تاوانی جەنگ" لەسەر تۆتاڵ ئەنەرجی تۆمار کرابوو، لەلایەن سەرۆکایەتی داواکاریی نیشتمانیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بڕیاری داخستنی درا.
لە بڕیارەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە دوای هەڵسەنگاندن بۆ تەواوی رێوشوێنە یاساییەکان و قوڵبوونەوە لە هۆکارەکان ئەو بڕیارە دراوە.
پارێزەرانی دۆسیەکە ویلیان بۆوردن، ڤینسەنت برێنگارز، هێنری سوڵیەز بە ئاماژەدان بەوەی کە "وا دەردەکەوێت بڕیارەکە بە رەچاوکردنی دۆخی سیاسیی و ئابووریی فەڕەنسا درابێت"، سەرنجیان خستووەتە سەر ئەوەی کە هەوڵ دراوە لەو دۆخە ناسکەی فەڕەنسادا دەست بۆ لێکۆڵینەوە لە تۆتاڵ ئەنەرجی نەبردرێت.
پارێزەرەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە تانەیان لەو بڕیارە داوە لە دادگای تێهەڵچوونەوەی پاریس.
دوای هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، تۆتاڵ ئەنەرجی بەشێوەیەکی قۆناغبەند پڕۆژەکانی لە رووسیا هەڵپەسارد و رایگەیاند تا کۆتایی ٢٠٢٢ بەتەواوی لە رووسیا دەکشێتەوە.