Heman Hussein Yaseen
05 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 07 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
وەزیری دارایی و ئابووری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب رایگەیاند کە لەسەر بابەتی مووچە و نەوت لەگەڵ حکوومەتی فیدرال رێککەوتوون و بۆ دانەوەی قەرزەکانیش لیژنەیەک پێک دێت.
ئاوات شێخ جەناب لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا گوتی: "لەسەر بابەتی نەوت رێککەوتووین و رۆژانە بڕی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت رادەستی سۆمۆ دەکرێت، هەروەها لەسەر بابەتی دارایی کوردستان رێککەوتین کە بەشێک لە مافەکانی خۆمانمان وەرگرتووە و لەسەر بابەتی قەرزەکانیش گەیشتووینەتە رێککەوتنێکی ھاوبەش کە دەستەیەکی ھاوبەش دروست دەکرێت بۆ پێداچوونەوە بە قەرزەکانی ھەردوولا و پشکێک دیاری دەکرێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان".
وەزیری دارایی و ئابووری لەبارەی بوودجەی ساڵی رابردوو گوتی: "بوودجەی ساڵی رابردوو نۆ تریلۆن و ٧٠٠ ملیار دیناربووە و مانگانە بۆمان ھاتووە، بەڵام ئەمساڵ ئەو پشکەمان زیاتر بووە کە تیایدا مووچەی فەرمانبەران و شەھیدان و ئەنفالکراوان دابین دەکرێت".
ئاوات شێخ جەناب باسی لەوەشکرد کە ئەوان نیگەرانن لەو دۆخەی کە ئێستا عێراق پیایدا دەگوزەرێت و جەختی لەوەشکردەوە کە ئەوان بە ئەرکی خۆیان هەڵساون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوەی دەستەبەریان کردووە تەواوی مافەکانی خەڵکی کوردستان نییە، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە ئەوان ئەرکەکانییان تەواوکردووە و ئەوەی دەمێنێتەوە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەسەر دەدات.
لەبارەی بوودجەی هەرێمیشەوە وەزیری دارایی و ئابووری گوتی: "پێشتر بوودجەی ھەرێم لەسەدا ١٧ بوو، دواتر کرا بە لەسەدا ١٢ و ئەمەش بڕیارێکی سیاسیی بوو".
وەزیری دارایی و ئابووری لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ھەشت مووچەی فەرمانبەران و ١٢ مووچەی خانەنشینان لەلای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەتەوە".
هاوکات سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم گوتی: "ئێمە شێلگیرانە بەرگریمان لە مافەکانی خەڵکی کوردستان کردووە، ئەمساڵیش نەفەقەی سیادی عێراق کە زۆربەی بۆ قەرز دەڕوات و ١٨ ملیار دۆلارە، بۆیە ئەو لیستە لە نەفەقە لاکەوت و بوودجەی ھەرێمی کوردستان زیادیکرد، قسە لەسەر قەرزەکانی ھەرێمی کوردستانیش کراوە بەتایبەتی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران".
ئامانج رەحیم گوتیشی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیووە بۆ ئەوەی سەرجەم داتاکان لەبارەی نەوت، بوودجە، داھات و قەرزەکانەوە دەدات بە حکوومەتی ناوەند، ئەو رێککەوتنە بەشێوەیەکە ھەر حکوومەتێک بێتە شوێنی ئەم حکوومەتە رێککەوتنەکە وەک خۆی دەبێت".
ئامانج رەحیم ئاماژەی بەوەشکرد کە حکوومەتی عێراق تا ئێستا ٦٢ ملیار دۆلاری قەرزکردووە کە بۆ هەرێمی کوردستان سەدا دوو کەمتریش بووە، بەڵام هەرێم بەشداربووە لە دانەوەی قەرزەکان.
دواتر سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سەباح ئاماژەی بە بەشێکی دیکەی ناوەڕۆکی رێککەوتنەکە کرد و گوتی: "ئێمە لە بوودجەی عێراق ئەوەمان چەسپاندووە کە کوردستان ھەرێمە نەوەک پارێزگا، بۆ ئەوەیشی کە پرۆسەی رێککەوتن بەردەوام بێت، ھەرێمی کوردستانیش داتاکان بۆ بەغدا دەنێرێت".
لەبارەی بەشە بوودجەی پێشمەرگەشەوە ئومێد سەباح گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٩ بوودجەی پێشمەرگە پێشێلی تیایدا بووە، بەڵام لەم رێککەوتنە ئەو بابەتە جێگیرکراوە و بوودجەی پێشمەرگە وەک بەشێک لە بوودجەی بەرگریی عێراق جێگیرکراوە چونکە پێشمەرگە بەشێکە لە دامەزراوەی بەرگریی عێراق و دەبێت حکوومەتی فیدرال بوودجە و خەرجییەکەی لەئەستۆ بگرێت".