Mohamad Misto,Adham Kako,Ramal Abdullah Mahmood,Rewa Mahmut Hasan
30 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 31 تشرینی یەکەم 2017
غوتەی رۆژهەڵات/ئەنقەرە – AA
بە هۆی نەبوونی خۆراک و دەرمان لە غوتەی رۆژهەڵاتی گەمارۆدراو، پزیشکیان بێهیوا بوون لە ژیانی رەهەف حەوای تەمەن هەشت ساڵ کە بەمهۆیەوە تەنها ١٠ کیلۆگرام لە کێشی ماوەتەوە. ئەو کە بە هۆی برسیەتی خەریکە سەر دەنێتەوە، تا دێ ئازار و ماڵوێرانی دایکی روو لە زیاد بوون دەکات.
ماوەی پێنج ساڵە ناوچەی غوتەی رۆژهەڵاتی پارێزگای دیمەشق لە لایەن هێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەدەوە گەمارۆ دراوە و نزیکەی ٤٠٠ هەزار هاووڵاتیی لە نەبوونی و برسیەتی دەناڵێنن.
بە هۆی توندترکردنی گەمارۆکەی رژێم ماوەی حەوت مانگە ئەو کەمە خۆراک و دەرمانەی بە رێگای قاچاخ پێشیان دەگەیشت راوەستاوە.
بە پێی زانیاری ئەنجوومەنە خۆجێییە مەدەنییەکان، بە هۆی نەبوونی خۆراک و دەرمانەوە مەترسی لەسەر ژیانی زیاتر لە هەزار منداڵ هەیە لە غوتەی رۆژهەڵات.
یەکێک لەو منداڵانە رەهەفی تەمەن هەشت ساڵانە لە شارۆچکەی دوما.
دایکی رەهەف، ئوم بەتول بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، چوار ساڵ لەمەوبەر رژێم هێرشێکی ئەنجام دا و لەو هێرشەدا باپیر و خوشک و پووری رەهەف گیانیان لەدەستدا و تەنها رەهاف لە ژێر داروپەردووی کەلاوەکەدا بە زیندوویی مایەوە. هەمان ساڵیش باوکی رەهەف لە کاتێکدا هاوکاری مرۆیی بەسەر لێقەوماوانی غوتەدا دابەش دەکرد بە گولـلەی هێزەکانی رژێم کوژرا. لە ئێستاشدا تەنها ئەو و خوشکێکی و رەهەف پێکەوە دەژین.
ئوم بەتول ئاماژەی بەوە دا کە دووساڵ لەمەوبەر منداڵەکەی کەوتۆتە سەر جێگا و بە هۆی ئەنجامنەدانی پشکنینی خوێن و نەگرتنی تیشک تاکو ئێستا نازانرێت کە نەخۆشییەکەی چییە.
بە هۆی نەبوونی خۆراک و دەرمانەوە رەهەف لە ٢٥٠ کیلۆگرامەوە کێشی بووەتە ١٠ کیلۆگرام.
رەهەف کە ئێستا هیچ گۆشت بەلەشیەوە نەماوە، مەحکومی سەر جێگە بووە و چاوەڕێی مردنە. هەرکاتێک دەرمانەکانی پێنەدرێت رووبەڕووی گرژبوونەوەی ماسووڵکەکان دەبێت و ئازارێکی زۆر دەچێژێت.
دایکی کە ئێستا ئێشکی بۆ دەگرێت، دەزانێت کە کچەکەی هەر کاتێک بێت دەمرێت و ئەو لەبارەی تەندروستی کچەکەیەوە دەڵێت، "لە سەرەتای یەکەم گەمارۆدا یەکەم کچم بردە لای دکتۆر، بەڵام کەسی پسپۆری لێنەبوو، نەیاندەزانی چیەتی. دواتر هەندێک شتیان لەمن داواکرد کە لە غوتە نەبوون، وەک ئێم ئار و پشکنینی تایبەت و لە رۆژانی دواتردا کچەکەم لە قاچ کەوت".
ئوم بەتول دایکی ئەو کچە ئاماژە بەوە دەکات لەدوای ئابڵوقەکانەوە دۆخی کچەکەم خراپ تر بووە.
ئوم بەتول بە چاوێکی پڕ لەفرمێسکەوە لە چاوەڕوانی مردنی منداڵەکەیدا دەڵێت، "کچەکەم بەردەوام کە دەرمانی لێ دەبرێت دەنگ بۆ من دەکات تابچم بەهانایەوە، کەف لە دەمی دێتە دەر. بەڵام بەداخەوە هیچ شتێکم پێناکرێت. لەبەرامبەریدام و هیچم پێناکرێت. پێویستی بە دەرمانی تایبەت بە فێ (ئەنتی کۆنفولزان)-ە و ئەوەش گرانە، بۆیە هیچم لەدەست نایەت. یەکەم منداڵم جارێک مرد ئەمەیانم هەموو رۆژێک دەمرێت.