Fırat Özdemir
02 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 تشرینی دووەم 2021
عەنتاب - AA
سەرۆکی دەستەی ھەناردەکارانی باشووری خۆرھەڵاتی ئانادۆڵو، ئەحمەد فیکرەت کیلەجی رایگەیاند کە ھەناردەکردنی ناوچەکە لە کانوونی دووەم- تشرینی یەکەمدا، گەیشتووەتە نۆ ملیار و ٥١٣ ملیۆن دۆلار.
فیکرەت کیلەجی لە لێدوانێکدا باسی لەوە کرد کە ھەناردەکردنی ناوچەکە لە مانگی تشرینی یەکەمدا بە بەراورد بە ھەمان مانگی ساڵی رابردوو، سەدا ١٢ زیادی کردووە و گەیشتووەتە یەک ملیار و ٧٧ ملیۆن و ٣٩ ھەزار دۆلار و ئەو بڕەش بەرزترین ئاستی ھەناردەیە تشرینی یەکەمە لە ھەموو کاتەکاندا.
سەرۆکی دەستەی ھەناردەکارانی باشووری خۆرھەڵاتی ئانادۆڵو ھەروەھا باسی لەوە کرد کە لە ماوەی ١٠ مانگی ساڵدا لە پارێزگای عەنتابەوە کە بزوێنەری ناوچەکەیە، بە بەهای ھەشت ملیار و ٢٣٠ ملیۆن دۆلار ھەناردەکردن کراوە و گوتی: "ھەناردەکردنی ناوچەکەمان لە کانوونی دووەم-تشرینی یەکەم، سەدا ٢٨،٧ زیادی کردووە و گەیشتووەتە نۆ ملیار و ٥١٣ ملیۆن دۆلار. لەو قۆناغەدا ھەناردەکردن بۆ ١٩٧ وڵات کراوە. عێراق، ئەمریکا، سووریا، بەریتانیا، ئیتاڵیا، ئێران، ئەڵمانیا، ئیسرائیل، میسر و لیبیا لە ریزبەندی یەکەمی ئەو وڵاتانەن کە لە ناوچەکەمانەوە ھەناردەیان بۆ دەکرێت".