Ata Ufuk Şeker
04 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 04 نیسان 2023
بڕۆکسل - AA
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئەنتۆنی بلینکن ئەوەی ئاشکرا کرد کە هەماهەنگییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە بواری ئاسایشی خستنەبازاڕی وزە زیادی کردووە و ساڵی رابردوو ئەمریکا ٥٦ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەناردەی ئەورووپا کردووە.
ئەنتۆنی بلینکن و نوێنەری باڵای یەکێتیی ئەورووپا لە سیاسەتی دەرەکی و کاروباری ئاسایش، جۆزێپ بۆڕێڵ بەرلە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزەی ئەمریکا-یەکێتیی ئەورووپا کە لە شاری بڕۆکسل بەڕێوەدەچێت، لێدوانیان بۆ رۆژنامەنووسان دا.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە لە پرسی وزەدا، پێکەوە کاردەکەن بەتایبەت هەماهەنگییەکانی نێوان هەردوولا بەهۆی بەکارهێنانی وزە وەک چەکێک لەلایەن رووسیاوە خێراتر بووە، گوتیشی: "ساڵی رابردوو، هەماهەنگییەکانی نێوان ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا لە بواری وزەدا زیاتر بوو. ئەمریکا لە ساڵی ٢٠٢٢دا، تێکڕا ٥٦ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەناردەی ئەورووپا کردووە".
ئەنتۆنی بلینکن ئاماژەی بەوەشدا کە ئەورووپا سەدا ٤٠ی پێداویستی خۆی لە غازی سروشتی لە ئەمریکاوە هاوردە دەکات و ساڵی رابردووش ئەم هاوردەکردنە بەراورد بە ساڵانی پێشتر بە رێژەی سەدا ١٤٠ زیادی کردووە، گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وزەی ئەمریکا-یەکێتیی ئەورووپادا، سەرنج دەخەینە سەر ئەوەی کە یەکێتیی ئەورووپا چۆن پەیوەستبوونی خۆی بە وزەی رووسیاوە کەمتر بکاتەوە و چۆن هەماهەنگییەکاینی نێوان ئەورووپا و ناوچەی ئەتڵەسی لە بواری بەرهەمهێنانی وزەی نوێدا زیادتر بکەین".
لای خۆشییەوە جۆزێپ بۆرێل، رایگەیاند: "توانیمان رزگارمان ببێت لە پشت بەستن بە غازی سروشتی رووسیا".
بۆرێل ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر رێگاکانی خێراکردنی بەدەستهێنانی وزەی نوێ دەکەن.
دوابەدوای هەڵگیرسانی جەنگی رووسیا-ئۆکراینا و بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی غازی سروشتی رووسیا بۆ یەکێتیی ئەورووپا، ئەمریکا بووە دابینکەری سەرەکیی غازی سروشتی بۆ ئەورووپا.
لە ساڵی ٢٠٢١دا، ئەمریکا ٢٢ ملیار مەتر سێجا غازی سروشتی هەناردەی ئەورووپا کردبوو، بەڵام ئەم بڕە لە ساڵی ٢٠٢٢دا بۆ ٥٦ ملیار مەتر سێجا بەرزبووەوە.