Zana Natık Kerem
28 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2026
پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی (٢٠٢٧)، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزاریی ئابووریی پەسەندی کرا و ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی کرا، بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت.
پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی (٢٠٢٧) دوای ئەوەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پەسەند دەکرێت، بۆ تاوتوێکردن و پەسەندکردن ڕەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت.
لەوبارەیەوە بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عەبد زەھرە ھینداوی لە لێدوانێکدا بۆ ڕۆژنامەی "سەباح" ڕایگەیاندووە، سەرکەوتنی حکوومەت لە تەواوکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتی لەم کاتەدا، جەخت لەسەر پەرۆشیی نەگۆڕی دەکاتەوە بۆ پابەندبوون بەو وادە دەستووری و یاساییانەی کە بۆ پێشکەشکردنی دیاریکراون.
عەبد زەھرە ھینداوی باسی لەوەش کردووە کە پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی (٢٠٢٧)، گرنگییەکی تایبەتی ھەیە، چونکە بەشێکی پڕۆژەیاساکەدا، پشتی بە سیستەمی "بەرنامە و ئەنجام" بەستووە لەبری پشتبەستنی نەریتی بە "بڕگەکان".
بەڕێوەبەری نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیران ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم گۆڕانکارییە، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە لە چاکسازیی دارایی گشتیی، ھەمەچەشنکردنی ئابووری، و کەمکردنەوەی خەرجییە نەوتییەکان، بوژاندنەوەی داھاتە نانەوتییەکان و بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی دارایی.
عەبد زەھرە ھینداوی باسی لەوەش کردووە کە لە چوارچیوەی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵی ٢٠٢٧، ئامانجی باشترکردنی داتا خەرجییەکان دیاری کراوە.
پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی عێراق بۆ ساڵی (٢٠٢٧) دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە بەردەوامی لیژنەی باڵای ئامادەکردنی بوودجە بە سەرپەرشتی وەزیری دارایی عێراق، فالح ساری ئامادەکراوە کە نوێنەرانی وەزارەتەکان، شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکاندا بەشداربوون.