Rewa Mahmood Hasan
16 ئاب 2020•نوێکردنەوە: 17 ئاب 2020
سەیدسادق - AA
لەئێستادا کە هێشتا وەرزی رنینەوەی بەروبوومی تەماتە و بیبەرە، جووتیاران هێشتا کێشەی ساغکردنەوەی بەروبوومەکانیان هەیە، ئەویش بەهۆی کەمی نرخەکان.
جونەید یوسف کە جووتیارێکی گوندی تەپەڕەشی شارەزوورە ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە باینجان، بیبەری تون و تەماتە دەڕننەوە لە کێڵگەکەیان و بە ئۆتۆمبێل دەیبەنە شار لە عەلوە دەیفرۆشن.

جونەید گلەیی ئەوە دەکات کە رۆژێک بەتەواوی تەنها ٥٠ کیلۆی بۆ دەچنێت کە دەکاتە ١٢هەزار و ٥٠٠ دینار، بەڵام بۆ لێکردنەوەی تا نیوەڕۆ کرێکارێک بە ١٥ هەزار کار دەکات ئەمەش مایەکەشی دەرناهێنێتەوە، چونکە دەرمان و ئۆتۆمبێلی بۆ دەگرن.

برای جووتیار کە لەهەمان کێڵگەدا سەرقاڵی لێکردنەوەی باینجان بوو، هەمان کێشەی هەبوو، ئەو باسی لەوە دەکرد کە بەروبوومەکانیان لە بازاڕەکاندا پارە ناکات و بەشی ئەو ئەرک و ماندووبوونە دەرناهێنێتەوە کە پێوەی دەبینرێت.