Hamit Hüseyin
04 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 05 نیسان 2016
- "بۆ هەناردەکردنی گەنم بۆ تورکیا پێویستیمان بە 500 هەزار تەن هەیە کەچی ساڵی پار زیاتر لە 900 ھەزار تەن بەرھەممان ھەبوو".
- "پەتاتە، پیاز، ھەنگوێن و ھەناری لە پێداویستی ئێمە زیاتر بەرھەم دێت".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان عەبدولستار مەجید لە چاوپێکەوتنێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو تیشک دەخاتە سەر ئەرکەکانی وەزارەت لە قۆناغی ئێستا و بە گرنگی دەزانێ کە قەیرانی ئابووری پێویستە لە رێگەی زیادکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بێکاریگەر بکرێ.
عەبدولستار مەجید لەو بارەیەوە دەڵێت: "بە ھۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڕینی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن حکوومەتی عێراق و جەنگی دژی داعش و ھاتنەوەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ ھەزار ئاوارە بۆ ھەرێمی کوردستان تووشی قەیرانێکی ئابووری بووین. ئێمە وەک حکوومەت و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ھەوڵمانداوە لەم بارودۆخەدا گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ بدەین. ھەروەھا لە ھەنگاوی یەکەمدا سیاسەتی پاراستنی بەرھەمی خۆماڵیمان گرتووتەبەر، ئەمەش پشتگیری و پاراستنی بەرھەمی جوتیارانە و ھەروەھا بۆ ساخکردنەوە و فرۆشتنی بەرھەمەکانیان".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لە ساڵی رابردوو ھەندێک بەرھەممان رەوانەی وڵاتانی دەرەوە کردوون وەک سێو و پەتاتە، ھەروەھا لە ساڵی ٢٠١٤ بڕیارمانداوە بە دانانی رسومات لە سەر بەروبوومی کشتوکاڵی ھاوردە لە کاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆیی، ئەویش کاریگەری خۆی ھەبووە وایکردەووە کە بەروبوومی ناوخۆیی زیادی بێت و جوتیار قازانج بکات، ھەروەھا ئەگەر بوودجە دابین بکرێت ئێمە پلان و پرۆژەمان ھەیە بۆ پڕۆژەی پاڵپشتی کشتوکاڵی کە بەرھەمی خۆمالی زیاتریش بکرێت و لە ھەندێک بەرھەمیش بگەین بە خۆبژێوی و ھاوردە لە وڵاتی ئێمە کەم دەکرێتەوە".
عەبدولستار مەجید لەبارەی قسەی وەزیری گەشەپێدانی تورکیا جەودەت یلماز کە 'بۆ ھەرێمی کوردستان ناکرێت تەنیا ھەناردە ھەبێت بەڵکۆ دەبێت ھەندێ بابەتیش بۆ تورکیا ھاوردە بکرێتەوە و ئایا لە ھەرێم چ بابەتێک ھەناردە بکرێت' گوتی: "ئێمە کۆمەڵێک بەرھەممان ھەیە کە پێویستی بە پاڵپشتی ھەیە تا ھەناردەی تورکیا بکەین، وەک گەنم کە ئێمە تەنیا پێویستیمان بە ٥٠٠ ھەزار تەن ھەیە بەڵام زیاتر لە ٩٠٠ ھەزار تەن ساڵی پار بەرھەممان ھەبو و ئەمساڵ زیاتریش دەکات و پەتاتە و پیازیش لە پێداویستی ئێمە زیاتر بەرھەم دێت و ھەروەھا ھەنگوێن و ھەناریش ھەیە بەڵام ئێمە کێشەیەکمان ھەیە بۆ ئەوەی ھەناردە بکەین ئەویش ئەوەیە کە تێچووی ئەو بەرھەمانە لە وڵاتی ئێمە زیاتر لەوەیە کە ھەناردە بکەین ئەگەر پاڵپشی نەکرێت ئەوە جوتیار قازانجی نییە".
ھەروەھا گوتیشی: "ئێمە پلانمان ھەیە کە ھەندێک بەرھەمی خۆماڵی ئەمساڵ بە ھەندێک کۆمپانیای بیانی بفرۆشین".
لەبارەی ئەو کۆمپانیا تورکیانەی کە لە ھەرێم کار دەکەن گوتی: "کۆمەڵێک کۆمپانیای تورکی بۆ کاری کشتوکاڵی لە ھەرێمن و ئێمە لە ھەموو روویەکەوە کارئاسانی بۆ ئەوان دەکەین و ئەوانیش خۆیان لە ئاودێری و کاری بەنداوەکان ھەروەھا چەند پرۆژەکی دیکە دەبیننەوە".
لەبارەی سەردانەکەی قۆنیا کە نەتوانرا گوتەکەی پێشکەش بکات گوتی: "ژووری بازرگانی قۆنیا بۆ بەشداریکردن لە پێشانگای ئامێری کشتوکاڵی بە فەرمی ئێمەی بانگھێشت کردبو و بە شێوەی پرۆتۆکۆلی پێشوازیمان لێکرا و لەگەڵ وەزیری گومرگ و بازرگانی گفتۆگۆ و کۆبوونەوەمان کرد. ئەمەش لە کاتێکدایە ئێمە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ تورکیا زۆر باشە و لە کاتی کردنەوەی پێشانگاکە داومان کرد کە گوتەیەک بە کوردی پێشکەش بکەین بەڵام ھەر ھۆیەک بێت ناوی ئێمە بۆ پێشکەش گوتارەکە نەخوێندرایەوە و ئێمە رەخنەمان گرت کە ناکرێت بەو عەقلیەتە تورکیا کێشەی کورد چارەسەر بکا. بەڵام دواتر بۆ ئێمە روون بوو کە ئەمە ھەڵوێستی حکوومەتی تورکیا نەبووە و لە سەردانەکانی کۆنسولی تورکیا بۆ وەزارەتی کشتوکاڵی ھەرێم ئەو بابەتە باسکرا کە ئەمە تەنیا ھەڵەیەکی شەخسی بووە".
ھەروەھا گوتیشی: "ئێمە پێویستیمان بە وڵاتی تورکیا ھەیە و ئەوانیش پێویستیان بە ئێمە ھەیە و بەردەوام دەبین لە سیاسەتی کشتوکاڵی خۆمان لەگەڵ تورکیا، ھەروەھا لە ماوەیەکی نزیکدا شاندێکی تەکنیکی بۆ واژووکردنی پرۆژەیەک لە گەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی تورکیا سەردانی ئەو وڵاتە دەکەن".
لەبارەی رۆڵی حکوومەتی تورکیا لە چەند ساڵی رابردوودا لە سەر پرسی کورد گوتی: "ئاکپارتی لەو چەند ساڵەی رابردوودا کرانەوەی باشی بە خۆوە بینی و لە ئاراستەیەکی راست ھەنگاوی نا بۆ چارەسەر کردنی کێشەی کورد، ئێمە ھەمیشە دەستخۆشیمان کردووە لەو ھەنگاوانە و پێمان وایە دەبێت زیاتر پێشکەوتن بەخۆوە ببینن و زیاتر کێشەکان چارەسەر بکات و ئێمە پشتگیری لە سیاسەتی دانوستاندن و گفتۆگۆکردن دەکەین لەگەڵ کورد و کوردیش ئەوە مافی خۆیانە کە بە مافەکانیان بگەن".
گوتیشی: "ئاڵوزییەکانی ئەم دواییە خزمەت بە رەوشی تورکیا ناگەیەنێت و رێگەی شەڕ و کوشتن و تەقینەوە کێشەکان چارەسەر ناکات. ھیوادارین کە سیاسییەکان و بەرپرسانی تورکیا و بەتایبەتی دەسەڵاتدران زیاتر کێشەکان چارەسەر بکەن و ھەروەھا بۆ ئێمە زۆر گرنگە کە لە سەر سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و ئێران ئارامی ھەبێت و ئێمەش بەرپرسین بۆ پاراستنی ئەو ئارامییە".
عەبدولستار گوتی: "بەشێکی لە ئاڵوزییەکانی تورکیا پەیوەندی بە سیاسەت و بۆچوونی پارتی داد و گەشەپێدان ھەیە و بەشێکیش پەیوەندی بە دەستێوەردانی وڵاتانی دیکەوە و ھەندێک رێکخراو ھەیە کە حەزیان لە ئارامی تورکیا و ناوچەکە نییە و حەزیان لەوەیە کێشەکان گەورەتر بکەن و لەئێستادا ئەو ئاڵوزییانە زیاتر بوونە و زیاترینی باجی ئەو ئاڵوزیانەش کورد دەیدات و ئەو کێشانەی تورکیا زیاتر دەبێت خودی حکوومەتی ئەوان ھەنگاو بەرەو چارەسەرکردنی کێشەکان بدەن و پرۆژە بۆ گەلانی تورکیا پێشکەش بکات و رێگەی ئاشتیانە ھەڵبژێرن و لە قوناغی رابردوودا ھەنگاوی باش نراوە و لە ئێستاشدا دەرگاکان بۆ چارەسەری کێشەکە کراوەن و دانەخراون".