سلێمانی
خاکی کوردستانی عێراق، ناوچەیەکی کشتوکاڵی بەپیتە. دەشتی شارەزوور لەپارێزگای سلێمانی یەکێکە لەو ناوچە بەپیتانەی توانای دابینکردنی بەربوومی کشتوکاڵی ھەموو ھەرێمی کوردستانی ھەیە، بەڵام شارەزایان دەڵێن تائێستا وەک پێویست کەڵکی لێوەر نەگیراوە.
ئێستا لەچاو سی ساڵ لەمەوبەر بەشێکی زۆر کەمی دانیشتووانی ھەرێمی کوردستان بە کاری کشتوکاڵییەوە خەریکن، ئەوەش وایکردووە خۆراک و میوەو سەوزە لەوڵاتانی دراوسێیان ھاوردە دەکەن. لە کاتی داخستنی سنوورەکان، نرخی ئەو خۆراکانە دوو ھێندە بەرز دەبنەوە.
فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی بۆ AA دەڵێ ھۆی کەمبوونەوەی وەرزێر لەھەرێمی کوردستان، بەردەوامی شەڕ بووە لەم ناوچەیە و عێراق بەگشتی، ھەرچەندە بەرھەمی کشتوکاڵی ناوچەکە لەجۆری زۆر باشن، بەڵام لەدوای دەستپێکردنی جەنگی عێراق ـ ئێران لەساڵی ١٩٧٩ زیانی گەورە بەر کشتوکاڵ کەوت.
بەگوێرەی ئامارە ناڕەسمییەکان تەنیا لە جەنگی ھەشت ساڵەی عێراق ـ ئێران، حکومەتی عێراق زیاتر لە چوار ھەزار گوندی ناوچە جیاجیاکانی ھەرێمی کوردستانی ڕووخاند و دانیشتووانەکانی راگواستە ئۆردوگاکان.
فەرەیدون لەوبارەیەوە گوتی: "گەمارۆی ئابووریی لەسەر عێراق لەساڵی ١٩٩١ بەدواوە کشتوکاڵی بوژاندەوە، بەڵام بەرنامەی نەوت بەرامبەر خۆراک تێکی دایەوەو خەڵکی لەخەمی پەیداکردنی دانەوێڵەو بەروبوومی کشتوکاڵی رەخسا."
لەدوای ساڵی ١٩٩١ و ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان و بەھۆی گەمارۆی نێودەوڵەتی لەسەر عێراق و گەمارۆی بەغداش لەسەر ھەرێم، ھاووڵاتیان ڕویان ورەزێری کردەوە، بەڵام دواتر ساڵی ١٩٩٦ لەگەڵ دەستپێکردنی بەرنامەی نەوت بە خۆراک و دابەش کردنی خۆراک (بایعی) بەسەر ھاووڵاتیاندا، زیانی گەورەی لەکشتوکاڵ دا.
بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا لەسنووری پارێزگای سلێمانی چوار ملیۆن و ١٧٧ ھەزار دۆنم زەوی ھەیە، کەچی ٢٠%ی کەڵکی لێ وەردەگیرێ بۆ کشتوکاڵی.
لەبارەی ھەنگاوەکانی حکومەت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ، بەڕێوەبەری فەرمانگەی کشتوکاڵی سلێمانی گوتی: "لەدوای ساڵی ٢٠٠٦ حکومەتی ھەرێم بیری لەوە کردەوە کە ناکرێ چیتر کشتوکاڵ بەو شێوەیە فەرامۆش بکرێ، بۆئەو مەبەستە ساڵی ٢٠٠٩ پلانێکی ستراتیجی چوار ساڵی داڕشت لەپێناو بوژاندنەوەی کشتوکاڵدا. ناوەڕۆکی پلانەکە بریتی بوو لەوەی لەو ماوەیەدا دیاری بکرێ کەپێداویستییە خۆراکییە سەرەکییەکانی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان چەندەو ھەوڵ بدرێ ئەو بڕە لەناوخۆی ھەرێمدا بەرھەم بھێنرێت و بگاتە ئەو ئاستە."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی لەبارەی ئەنجامی پلانەکەوە دەڵێ: "پلانەکە قسەوباسی زۆری لەسەر کرا بەوەی سەرکەوتوو بووە یان نا، بەڵام لەو چوار ساڵەدا نەمانتوانی بگەینە ئەو ئاستە تەنیا لەدانەوێڵە (گەنم و جۆ) نەبێ کەئەمساڵ بڕی پێداویستی زیاتر لەھەرێم بەرھەمھاتووە، ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیاریدا پلانێکی دیکەی چوار ساڵی ٢٠١٤ ـ ٢٠١٧ دابڕێژێ، بۆئەو مەبەستەش کۆنفراسی ناوخۆیی ئەنجامدراو ئامادەکاریی کراوە بۆ کۆنگرەیەکی کشتوکاڵی گەورە بەمیوانداریی کەسانی شارەزاو پسپۆڕ لەبوارەکەدا، کە بڕیارە لەماوەی ئەو دوو مانگەدا ئەنجام بدرێ، تێیدا کاردەکەین بۆ بەرەو پێشبردنی کشتوکاڵ و گەڕانەوەی ھاوولاتیان بۆ کشتوکاڵکردن."
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی کەمی بودجە بەکێشەی گەورەی بەردەم وەزارەتەکەی دەزانێ: "لەبودجەی گشتی ھەرێم ڕێژەی ١,١% بۆ کشتوکاڵ دانراوە، لەکاتێکدا لەوڵاتە کشتوکاڵییەکان ئەو ڕێژەیە دەگاتە ٣٠%، ھەروەھا پێویستە داھاتی نەوت لەبواری کشتوکاڵدا بەکار بێتەوە."
نەبونی کەرتی پیشەسازی کشتوکاڵی لەھەرێمی کوردستان کێشەیەکی تری جوتیارانی ھەرێمی کوردستانە، بەجۆرێک ھەندێک لەو بەروبومە کشتوکاڵیانەی ساڵانە دێتە بەرھەم ناتوانرێ لەبواری پیشەسازیی بەکاربھێنرێ و سودی لێوەبگیرێ، ئەوەش وایکردووە ساڵانە بەشێکی زۆری بەرھەمی جوتیاران بەفێڕۆ بڕوات.