Hemin Hüseyin
01 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2016
بەمەبەستی پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی لە هەرێمی کوردستان، کۆمپانیان فلای میران بە چاودێریی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیای ئیکارۆس تۆری کوێتی واژووکرد و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی 10 یەکەمین گەشتی ئاسمانیی لە وڵاتی کوێتەوە بەرەو هەولێر ئەنجامبدرێت.
بە پێی گرێبەستەکە کۆمپانیای ئیکارۆس تۆری کوێتی لە ئیستاوە ھەڵمەتی بەبازاڕکردن بۆ گەشتوگوزار دەستپێدەکات و کەرتی گەشتیاریی ھەرێمی کوردستان بە ھاووڵاتییانی کوێت دەناسێنیت.
سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێم مەولەوی جەبار لە رێورەسمی واژووکردنی گرێبەستەکەدا ئاماژەی بەوەکرد حکوومەتی ھەرێم بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاریی و رێکخستنی گرێبەست لە نێوان کۆمپانیاکانی وڵاتانی بیانی و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان، جەختی لەوەکردەوە کۆمپانیای گەشتیاریی کوێتی سەرسامی خۆی بە سرووشتی کوردستان و ئارامیی و سەقامگیریی ناوچەکە نیشانداوە.
مەولەوی جەبار باسی لەوەکرد ساڵانی حەفتا و ھەشتاکان کوردستان یەکێک بوو لەو شوێنانەی گەشتیارانی کوێت روویان تێدەکرد، بۆیە ئەوانەی ئێستا تەمەنیان زۆرە، بەشێکی زۆریان شارەزای ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانن.
سەرۆکی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری هەرێم ئاشکرایکرد ئەوان هەموو ئاسانکارییەکییان بۆ کۆمپانیا گەشتیارییەکان کردووە بە مەبەستی هێنانی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک رێبەر و نەخشەی هەرێمیان داوەتە کۆمپانیا گەشتیارییەکان بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین رێژەی گەشتیاران بۆ هەرێمی هەرێمی کوردستان رابکێشن.
مەولەوی جەبار لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند: "ناوەرۆکی گرێبەستەکە ئەوەیە کە گەشتێکی ئاسمانیی لە نێوان وڵاتی کوێت و هەرێمی کوردستاندا رێکدەخرێت بۆ ئەوەی گەشتیاران بتوانن راستەوخۆ لە کوێتەوە بێن بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەندەی ئێمەش ئاگاداربین، ئەو کۆمپانیایە لە کوێت فشارێکی زۆری لەسەرە لەلایەن گەشتیارانەوە بۆ ئەوەی بە زووترین دەست بە گەشتەکانی بکات".
گوتیشی: "ئێمە پاڵپشتیی هەردوو کۆمپانیاکە دەکەین، بە تایبەت کۆمپانیا کوێتییەکە، رێبەر و نەخشەی گەشتیاریی هەرێمی کوردستانمان پێشکەشکردوون بۆ ئەوەی خەڵک ئاشنای شوێنە گەشتیارییەکان بێت".
لای خۆیشییەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای فلای میران لاوەند مەموندی، ئاماژەی بەوەکرد حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاریی دەدات و ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی لە ئایندەیەکی نزیکدا گەشتەکانی نێوان کوێت و هەولێر دەست پێبکات.
لاوەند مەموندی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەیەکە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بایەخێکی زۆر بە کەرتی گەشتیاریی دەدات، ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا توانیمان گرێبەستێک لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراقی واژوو بکەین بۆ ئەوەی بتوانین هەفتانە دوو گەشتی ئاسمانیی هەبێت لە نێوان کوێت و هەولێردا".
گوتیشی: "دوای گرێبەستەکەمان لەگەڵ هێڵی ئاسمانیی عێراقی گەیشتینە ئەو قۆناغەی کە گرێبەستێک لەگەڵ کۆمپانیایەکی کوێتی بکەین بە مەبەستی هێنانی گەشتیار لە کوێتەوە بۆ هەرێمی کوردستان و لە ناوەراستی مانگی 10دا ئەو گەشتە دەست بەکارەکانی و زیاتر بۆ مەبەستی گەشتیارییە، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی کوێت سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن".