Hemn Baban
05 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2018
ھەولێر - AA
رێڕەوی نۆژەنکردنەوە لە بازاڕی لەنگە لە شاری ھەولێر بەخێرایی دەڕوات، پێدەچێت ٤٥ رۆژی دیکە بازاڕەکە بکەوێتەوە سەر کار، ئەگەر چی ھێشتا بەشێکی دیکەی بازاڕەکە کاری تێدا دەکرێت و دوکانەکانی زیانیان بەرنەکەوتووە و جمەیان دێت لە کڕیار.
لەژێر نمەی باران ھێشتا دەنگی کوتینی دارەکان و داگرتنی بلۆکەکان لە بازاڕی لەنگە دەبیسترێت، چەندین کرێکار سەرقاڵی کارەکانی خۆیانن بۆ نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە کە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی مانگی رابردوو "شۆرتی کارەبا" گڕی دا و لەگەڵ ئەو گڕە نزیک بە هەزارو ٤٠٠ دوکانی لووش کرد.
چەندین خاوەن دوکان لەنێو گۆڕەپان و نێو دوکانەکانیان دەبینرێت و بە ئومێدەوە چاو لە بەرزکردنەوەی ئەو بلۆکانە دەکەنەوە کە بڕیارە تا پێش دوو مانگی دیکە بچنە نێوی و بگەڕێنەوە دۆخی جاران و بازاڕەکە دیسانەوە جمەی تێ بخەنەوە.
بازاڕی لەنگە یەکێکە لە دیارترین بازاڕەکانی شاری ھەولێر، چەندین ساڵە بەقەد ئێستا جمەی کڕیارانی لێ نەبڕاوە، ئەم بازاڕە لە ھاوشێوەکانی خۆی بەوە جیادەکرێتەوە کە بە "بازاڕی فەقیران" دەناسرێت، وەکو ئاماژەیەک بۆ تاڕادەیەکی زۆر ھەرزانیی نرخی شمەکەکانی بەراورد بە نرخی ئەو شمەکانە لە مۆڵ و شوێنەکانی دیکە، بازاڕەکە جلوبەرگی بالە یان لەنگەی ئەورووپی و ئەمریکی بە پلەی یەکەمی تێدا دەفرۆشرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێداویستییەکانی ناو ماڵ، جوانکاری، خواردمەنی و مۆبایل فرۆش و دەرمانی کوردەواری و کەلوپەلی ئۆتۆمبیل و چەندین شتی دیکەشی تێدا دەفرۆشرێت.
ئەندامی ئەنجوومەنی بازاڕی لەنگە، یاسین خدر حاجی لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "ئێستا ئەوەی ھەیە لە نۆژەنکردنەوە دیوار و سەقفەکەیەتی کە بەشێکی باش ئیشی تێدا کراوە و بە تەواوبوونی ئەو دووە نزیکەی ٧٠ لەسەدی دوکانەکان تەواودەبن، پاش سەبکردنی سەقفی دوکانەکە ئیتر دەبێت حکوومەتی ھاوکارمان بێت و کارەکانی دیکەمان بۆ تەواو بکات، چونکە ھەزارو ٦٥٤ دوکاندار بێ کار بوون، جگە لە دەستگێر وعەرەبانچی، ئومێدەوارین حکوومەت زوو دەست بەکارەکانی بکات و ھاوکارمان بێت و دەمانەوێت تا مانگێکی دیکە ئەم بازاڕە بێتەوە سەر کار، چونکە زۆر خێزان پێویستی بە ئێرە ھەیە و زۆر خێزان بێ داھات بوون بە ھۆی ئەو سووتانەوە".
گوتیشی: "حکوومەت ھاتووەتە سەر ھێڵ و لە بەیانییەوە کابینە لێرە دادەنرێت و ئەندازیارەکان دەست بەکار دەکەن، پێنج لێژنەش بۆ دیاریکردنی زەرەرەکانی ئەم بازاڕە و دوکاندارەکان پێکھاتووە و دەست بەکارەکانییان دەکەن، دوکان ھەیە ٥٠ ھەزار دۆلار، ھەیە ٧٠ ھەزار دۆلار، ھەیە زیاتر و ھەیە کەمتر ئیدی زەرەرەکان بەتەواوی دیار نیین".
بەرەبەیانی ٢٥ی مانگی رابردوو بازاڕی لەنگە لە شاری ھەولێر ئاگری گرت و پاش چەندین کاتژمێر و گەیاندنی زیاتر لە یەک ملیۆن دۆلار زیاتر لە هەزارو ٤٠٠ دوکان و کۆگای لەگەڵ خۆی سووتاند و چەندین خێزانی بێ کار کرد، بەڵام پاش ئەو رووداوە بە چەند رۆژێکی کەم ئێستا بازاڕەکە دەیەوێت بکەوێتە سەر پێ و دوکانداران سوورن لەسەر دووبارە دەستکردنەوە بە ژیان و زیندووکردنەوەی بازاڕەکە، ئەمجارە بە شێوەیەکی باشتر لە جاران، بۆ ئەمەش حکوومەتی ھەرێم بڕیاری داوە خزمەتگوزارییەکانی ئاو، کارەبا، سیستەمی ئاگرگوژێنەوە بۆ ئەم بازاڕە دابین بکات.
یاسین عەبدولڕەحمان رەمەزان، یەکێکە لەو دوکاندارانەی لەنێو بازاڕی لەنگە و لە نزیکە دوکانەکانی خۆی چاوی لەوە بوو کارەکانی نۆژەنکردنەوەکە زووتر تەواوببن بەو ئومێدەی زوو بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، یاسین لە رووداوی سووتانی بازاڕی لەنگە سێ دوکانی لەدەست داوە و زیانەکانی زۆر بوون، ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پاش ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی لەنگە لە شەوی ٢٤ لەسەر ٢٥ی مانگی رابردوو پاش دوو رۆژ وەزارەت شارەوانی دەستیکرد بە ھەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاک و پاشماوەی سووتانەکە، دواتر لە ٢٧ و ٢٨ی مانگ دەست بە نۆژەنکردنەوە کراوە و ئێستا دەستکراوە بە دروستکردنی ھەیکەلی دوکانەکان و حکوومەتی ھەرێمیش باسی لەوەکردووە کە ھاوکارمان دەبن و بەڕێز پارێزگار و قایمقامیش گوتوویانە و ھیوادارین جێبەجێی بکەن".
یاسین گوتیشی: "نزیکەی دووهەزارو ٤٠٠ دوکان لە بازاڕی لەنگە ھەیە، لە رووداوی سووتانەکەدا نزیکەی هەزارو ٥٠٠ی سووتان، ئێستا کارەکانی دروستکردنی ھەیکەلی دوکانەکان نزیکەی ٨٠ لەسەدی تەواوبووە".
ئەوەشی گوت کە لە نێوان دوو هەزار بۆ دوو هەزارو٥٠٠ دۆلار پێویستە بۆ نۆژەنکردنەوەی ھەر دوکانێک و ھەندێک جاریش زیاتر دەبێت بەپێی دوکانەکە و چۆنێتی چاکردنەوەی.
یاسین کە خۆی سێ دوکانی لە بازاڕی لەنگە ھەیە و بە دەیان ھەزار دۆلار زەرەری لێکەوتووەتەوە لە ئەنجامی ئەو سووتانە دەشڵێت "پێشبینی دەکەم بۆ ٤٥ رۆژ تاوەکو دوو مانگی دیکە بازاڕی لەنگە بکەوێتەوە سەر کار و بە شێوەیەکی باشتر لە جارانیش چاک دەکرێتەوە، چونکە ئەم بازاڕە لە زۆر شوێنەوە خەڵکی بۆ دێت".