Ömer Tuğrul Çam
25 تەمووز 2023•نوێکردنەوە: 25 تەمووز 2023
بڕۆکسڵ – AA
یەکێتیی ئەورووپا دوای راگرتنی رێککەوتننامەی رەوانەکردنی دانەوێڵە لە رێگای دەریای رەشەوە، تاوتوێی بژاردەکانی دیکە دەکات بۆ رەوانەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا بۆ بازاڕەکانی جیهان.
گوتەبێژ لە کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا، ئادڵتبێرت جانس بە میدیاکارانی راگەیاند نامەیەکیان لە سێ وەزیری لیتوانییەوە بەدەست گەیشتووە کە تیایدا پێشنیاز کراوە لە رێگای بەندەرەکانی وڵاتانی بەڵتیکەوە دانەوێڵەی ئۆکراینا رەوانەی بازاڕەکانی جیهان بکرێت.
جانس سەرنجی خستە سەر ئەوەی کە لەم نزیکانە وەڵامی نامەکە دەدەنەوە و بیر خستەوە کە جگە لە دەریای رەش رێگای وشکانی هەیە بۆ رەوانەکردنی دانەوێڵەی ئۆکراینا و گوتی: "تەواوی ئەم رێگایانە گرنگن. کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا هەوڵی فراوانکردنی ئەم هێڵانە دەدات. رێڕەوی بەڵتیکیش زۆر گرنگە، تاوتوێی ئەمەیش دەکەین".
سێ وەزیری لیتیوانییەکە لە نامەکەیاندا بۆ کۆمیسیۆنی یەکێتیی ئەورووپا ئاماژەیان بەوە داوە بەندەرەکانی وڵاتانی بەڵتیک بۆ رەوانەکردنی دانەوێڵەی ئەورووپا جێگرەوەیەکی باشە و رێگایەکی پارێزراوە، سەرنجیشیان خستووەتە سەر ئەوەی کە ساڵانە لە رێگای ئەو بەندەرانەوە دەتواندرێت ٢٥ ملیۆن تۆن دانەوێڵە رەوانە بکرێت.