Dlshad Saifaalddin Ahmed
15 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 17 تەمووز 2017
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی ئەمڕۆ ھەواڵی ئازادکردنی پێشمەرگەیەکی دیلی دەست داعش بڵاوکرایەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ ئەو پێشمەرگەیە گەیشتە شاری سلێمانی و بە کەسوکارەکەی شاد بویەوە.
ئەحمەد سورچی پێشمەرگەیەکی کوردە و لە کۆتایی مانگی ئایاری رابردوو لە ھێرشێکی چەکدارانی داعش لە ناوچەی زەرگە لە نزیک قەزای خورماتوو ( پارێزگای سەڵاحەدین) کەوتە دەست داعش و دواتر وێنەکەیان بە دیلکراوی بڵاوکردەوە.
لێپرسراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاری ھەرێمی کوردستان لاھور شێخ جەنگی پێش کەمێک و لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە ھوتێلێکی شاری سلێمانی کە ئەحمەد و کەسوکارەکەی تێیدان لە بارەی چۆنێتی ئازادکردنی ئەو پێشمەرگەیەوە گوتی: "دوای ٢٠ رۆژ گەڕان و بەدواداچون ، ئەمڕۆ توانیمان سەید ئەحمەد سورچی ئازاد بکەین، دوای ئەوەی مانگ و نیوێک پێش ئێستا کەوتە دەست چەکدارانی داعش ".
شێخ جەنگی گوتی: "ئازادکردنی سەید ئەحمەد لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی نھێنی ھێزەکانمان بە ھاوکاری پێشمەرگە و ئاسایش ئەنجامدرا ، ماوەی ٢٠ رۆژە پلان بۆ ئەو کارە دادەنێین و ئەمڕۆ توانیمان ئەنجامی بدەین و رادەستی کەسوکارەکەیمان کردەوە".
ئەو ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر لەسەر ئۆپەراسیۆنەکە و شوێنی ئازادکردنی ئەو پێشمەرگەیە بڵاو بکاتەوەو تەنھا ئەوەی گوت کە بەھۆی ئازادکردنی موسڵەوە داعش نەیتوانیوە ئەو پێشمەرگەیە بۆ موسڵ بگوازێتەوە.
لاھوری شێخ جەنگی ئەوەشی رەتکردەوە کە ئازادکردنی ئەو پێشمەرگەیە بە گۆڕینەوەی دیل بوبێت لەگەڵ داعش و ئەوەشی گوت: "ئۆپەراسیۆنێکی نھێنی بووە و بە دوای سۆراخی دیلەکانی تر دەگەڕێین و ھیوادارین بتوانین چەند دیلێکی تریش ئازاد بکەین".