Hemin Hüseyin
02 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 03 تشرینی یەکەم 2016
هەولێر
بە مەبەستی دەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوە شاری مووسڵ، هێزەکانی پێشمەرگە لە ئێستادا دەروازە سەرەکییەکانی شاری مووسڵ بۆردوومان دەکات و هاوکات فڕۆکەکانی هاوپەیمانانیش چەند جارێک ناو شاری مووسڵیان بۆردوومان کرد.
بەرپرسی هێزی ٥ ی زیرەڤانی لەسەر چیای زەردک موقەدەم لوقمان ئەبوبەکر لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هێزەکانی پێشمەرگە دەوروبەری ناحیەی بەرتلە بۆردوومان دەکات و بە گوێرەی زانیاریی ئێمە ئەو ناوچانە هیچ خەڵکی مەدەنی تێدا نەماوە و چەکدارانی داعش تونێڵیان دروست کردووە و جموجۆڵیان زیاتر لە ناو تونێڵەکاندایە و هەندێک جار هێزەکانی هاوپەیمانانیش بنکەکانی داعش بۆردوومان دەکەن".
ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاماژەی بەوە کرد کە چەکدارانی داعش جموجۆڵەکانییان زیاتر لە کاتی شەودایە و بە رۆژ ناتوانن جموجۆڵیان هەبێت و لەمبارەیەوە موقەدەم لوقمان ئەبوبەکر گوتی: "جموجۆڵی چەکدارانی داعش بە رۆژ نابینرێن بەڵام لە شەودا جموجۆڵەکانییان دیارە و مەودای نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و دەروازەی مووسڵ نزیکەی ٢٠ کیلۆمەتر دەبێت و ئەو ناوچەیەش خەڵکی سڤیلی تێدا نەماوە".
دەوروبەری شاری مووسڵ چەند شارۆچکەیەکی لێیە ئەوانیش شارۆچکەی باشیک و بەرتلە و گۆگجەلیل و ئەو ناوچانەش چەند بۆ هێزەکانی پێشمەرگە گرنگە، ئەوەندەش بۆ چەکدارانی داعش گرنگە چونکە بووەتە پشتێنەیەک بۆ پاراستنی شاری مووسڵ و ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگەش ئاماژە بەوە دەکات جگە شارۆچکەی باشیک بە هەمان شێوە شارۆچکەکانی دیکەش تۆپباران دەکرێن و لەمبارەیەوە موقەدەم لوقمان گوتی: "شارۆچکەی باشیک بە هەمان شێوەی شارۆچکەی بەرتلە و گۆگجەلیل تۆپباران دەکرێت و ئامانج لەو تۆپبارانە دروستکردنی زەمینەسازییە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی شاری مووسڵ و لە ئێستاشدا گرووپە چەکدارەکانی داعش توانای هێرشیان نەماوە و هاوکات توانای بەرگری کردنیشیان لاواز بووە".
هێزەکانی ٥ی سوپای زیرەڤانی لەسەر چیای زەردک نیشتەجێن و ئەو چیایەش بەسەر گوندەکانی بازگرتە و باسخرە دەڕوانێتە شاری مووسڵ و ئەو گوندانەش لە ئێستادا لە ژێر دەسەڵاتی داعشن و دەکەونە دامێنی چیای زەرتک و هیچ هاووڵاتییەکی سڤیلی تێدانەماوە، هاوکات چیای زەردک بە دووری بیست کیلۆمەتر دەکەوێتە باکووری رۆژهەڵاتی مووسڵ و لە نێوان سنووری باشیک و بەرتلە و دەڕوانێتە شاری مووسڵ.