زوممار - شوان سدیق
یه‌كه‌مجاره، هۆكاری كۆنتڕۆڵ نه‌كردنه‌وه‌ی شاری شنگال ئاشكرا ده‌كرێت، به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت "كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری شنگال له به‌رنامه‌دایه و گرێ دراوه به كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی شاری مووسڵ و ناحیه‌ی تهلەعهفهر".
په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو له ناحیه‌ی زوممار كه كه‌وتووه‌ته باكووری رۆژهەڵاتی شاری مووسڵ لە رووی ئیدارییەوە سەر بەقەزای تەلعەفەری پارێزگای نه‌ینه‌وایه دیدارێكی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌باره‌ی ره‌وشی ئاسایشی ناوچه‌كه و پرسی ئازادكردنی مووسڵ و شنگال و هاوكاری وڵاتان، بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئەنجام دا.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه سه‌باره‌ت بە دوایین گۆڕانكاری و رووداو له سنووری میحوه‌ری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دیجله به‌رپرسی میحوه‌ره‌كه زه‌عیم عه‌لی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هه‌فته‌ی رابردوو چه‌كدارانی داعش له گوندی سه‌هل ئهلمالحی سه‌ر به‌قه‌زای ته‌له‌عفه‌ر هێرشێكی فراوانی به‌رنامه‌داڕێژراو په‌لاماری سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌یان دا".
ناوبراو لە درێژەدا گوتیشی: "له‌و میحوه‌ره‌وه شوێنه‌كه‌ی شاخێكی به‌رزه ئه‌وان توانیبوویان دزه بكه‌نه نێو گونده‌كه، دیاره کەسانێكیش هاوكاریان كردوون. سه‌رله‌به‌یانی سه‌عات پێنج هێرشیان كرده‌سه‌ر سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه و شه‌ڕێكی سه‌خت رووی دا له نزیك شاخ و نێو گونده‌كه‌ش پێکدادانێک هاتەئاراوە. كۆڵان، به‌كۆڵان، تا سه‌عات سێ به‌رده‌وام بوو له‌ئه‌نجامدا ئه‌وه‌ی ئاشكرابوو نزیكه‌ی 36 ته‌رم كه‌وته ده‌ست هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ئه‌و ئاماره‌ش له‌كۆی 30 تا 40 چه‌كداری داعش بوو كه هاتبوونه نزیك سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه و ئه‌مه دوایین چالاكی بوو كه داعش هێرشیان كرده‌سه‌ر پێشمه‌رگه و خۆشبه‌ختانه تێك‌شكێنران".
زه‌عیم عه‌لی ئێستا و پێشتریش چه‌كدارانی داعشی به مه‌ترسی نه‌زانیوه. ئه‌و له‌و جێیه قسه‌ی بۆ په‌یامنێری ئانادۆڵو ده‌كرد له ناحیه‌ی زوممار 30 ئابی پارساڵ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی پێشمه‌رگه له‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش سهنرابۆوه.
زەعیم عەلی كه پێشتر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه، ده‌ڵێت: "له‌سه‌ره‌تاوە داعشم به مه‌ترسی نەزانیوە چونكه ئه‌وان دێن هێزه‌كانیان كۆده‌كه‌نه‌وه، له خاڵێك دووخاڵ هێرش ده‌كه‌ن به‌ڵام تا ئێستا سه‌ركه‌وتوونه‌بوون. ئه‌و شوێنانه ئێمه كۆنتڕۆڵمان كردوون، ئه‌وان نه‌یانتوانیوه داگیری بكه‌نه‌وه. راسته هێرش ده‌كه‌ن، هێرشه‌كانیان به توندوتیژی ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئۆتۆمبێلی هامه‌ریان پێیه چه‌كی دۆشكه‌ی چوارده و 23 ملیمیان پێیه هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌توانن زیان به‌پێشمه‌رگه بگه‌یه‌نن به‌ڵام پێشمه‌رگه به ده‌ستوبردی قاره‌مانانه شكستیان پێدێنن، ده‌یان كوژن و ده‌یان شكێنن".
كۆنتڕۆڵكردنی ناوچه‌ی زوممار و قه‌زای شنگال له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعش ده‌گه‌ڕێته‌وه، بۆ مانگی هه‌شتی پارساڵ ئه‌وه‌ش دوای شكانی سوپای عێراقی هات له حوزه‌یرانی هه‌مان ساڵ.
دوای نزیكه‌ی 9 مانگ له شه‌ڕكردن له‌دژی چه‌كدارانی داعش له ئێستادا كورد توانیویه‌تی به‌شی زۆری ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه.
هه‌ر له‌وباره‌وه به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌ی هێزی پێشمه‌رگه ده‌ڵێت "ئه‌و ناوچانه‌ی هه‌ركات ویستوومانه گرتوومانه‌ته‌وه، ئێستاش چاوه‌ڕوانی سه‌ركردایه‌تی خۆمان ده‌كه‌ین، هه‌ر كاتێك بڕیار بده‌ن، ده‌توانین پێشڕه‌وی بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ناوچه‌كانی تر كه له به‌رنامه‌دان، كۆنتڕۆڵیان بكه‌ینه‌وه".
گوتیشی: "ئه‌و ناوچه كوردستانیانه‌ی كه پێشتر به‌ده‌ست داعشه‌وه بوون، ئێستا سه‌دا ده‌ش له‌ژێر ده‌ستیان نییه ده‌توانم بڵێم هه‌موویمان كۆنتڕۆڵكردووه‌ته‌وه، ته‌نیا شاری شنگال ماوه".
زه‌عیم عه‌لی هۆكاری كۆنتڕۆڵنهكردنهوهی شاری شنگال ئاشكرا ده‌كات و گوتی: "به‌رنامه‌یه‌كمان هه‌یه كه شنگالیش ببه‌سترێته‌وه به ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنی تهلەعهفهر و شاری مووسڵ ئه‌وكاته كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئاسانه".
به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌ی هێزی پێشمه‌رگه كه هاوكات ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتیشه ئه‌و بۆچوونانه به‌هه‌ڵه ده‌زانێت، بگوترێت پارتی دیموکراتی کوردستان نایه‌وێت شنگال كۆنتڕۆڵ بكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی نه‌كه‌وێته ژێر هه‌یمه‌نه و شوێنی جێ نفووزی په‌كه‌كه و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان.
زه‌عیم عه‌لی به په‌یامنێری ئانادۆڵوی راگه‌یاند: "پێشتر ناحیه‌ی ره‌بیعه پارتی كرێكارانی كوردستانی لێ بوو هه‌تا ئێمه نه‌چووین، ئه‌وان هیچ جموجوڵێكیان نه‌بوو بۆچی نه‌یانگرت خۆ كه‌س ده‌ستی نه‌گرتبوون. ئێستاش كه په‌كه‌كه چه‌كداری هه‌یه له‌سه‌ر چیای شنگال با له‌گه‌ڵ براده‌رانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بچن، شاری شنگال كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی پیرۆزباییان لێ بكه‌ین، ئێستاش ئێمه له‌وێ نه‌بین ئه‌وان ناتوانن له‌وێ بن، له‌سه‌ر چیاكانی شنگالیش پاشه‌كشه بكه‌ین، ئه‌وان ناتوانن بمێننه‌وه. ئه‌م قسه به به‌رپرسیارێتییه‌وه ده‌كه‌م هه‌تا ئێمه هێرش نه‌كه‌ینه سه‌ر داعش بۆ سه‌ر شاری شنگال ئه‌وان یه‌ك هه‌نگاو ناتوانن بڕۆنه پێشه‌وه".
له به‌شێكی تری دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ئاژانسی ئانادۆڵو ئه‌و به‌رپرسه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه باس له‌وه ده‌كات، كورد به‌رده‌وامه له داواكارییه‌كانی له وڵاتانی جیهان و پێویستیان به چه‌كی پێشكه‌وتوو و راهێنانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه هه‌یه.
زه‌عیم عه‌لی دەڵێت: "شه‌ڕه‌كه به‌رده‌وامه داواكارییمان هه‌یه چه‌كی نوێمان پێویسته هاوكاری و پشتیوانیمان ده‌وێت، چونكه ره‌وشه‌كه به‌رده‌وام له گۆڕان دایه".
له ئه‌گه‌ری ئازادكردنی مووسڵ به‌شداریكردنی كورد هەتا ئێستاش دیار نییه ئایا كورد به‌شداری ده‌كات، یاخود نا به‌ڵام هه‌ر زوو به‌رپرسانی عێراقی ئاشكرایان كرد كه پێشمه‌رگه به‌شداره له ئازادكردنی ئه‌و شاره.
له‌و باره‌وه، به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌ی هێزی پێشمه‌رگه زه‌عیم عه‌لی، قسه‌ی دڵی ده‌كات و ده‌ڵێت: "به‌شانازییه‌وه به‌شداری له ئازادكردنی شاری مووسڵ ده‌كه‌ین، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شداری ده‌كه‌ین، هه‌تا مووسڵ ئازاد نه‌كرێت، سه‌نگه‌ره‌كانی به‌ره‌ی شه‌ڕ ئارام نابێت. چونكه مووسڵ پایگایه‌كی سه‌ره‌كی چه‌كدارانی داعشه له سووریاوه دێن و هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر ئێمه بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌تا كانیاوه‌كه وشك نه‌كرێت، داعش له‌ناوچه‌كه ده‌مێنێت. هەروەها پێویسته سنووری سووریا و عێراق كۆنتڕۆڵ بكرێته‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شداری ئێمه له شه‌ڕی مووسڵ بۆ ئێمه كاریگه‌رتره تا به‌غدا".
ئه‌و به‌رپرسه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه باس له‌توانای سوپای عێراقی ده‌كات و ده‌ڵێت: "ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵ، به‌هاوكاری هاوپه‌یمانان ئه‌نجام ده‌درێت. زۆر سوپاسیان ده‌كه‌ین، هاوكاری باشی ئێمه‌شیان كرد. نازانم تاچه‌ند سوپای عێراقی خۆیان رێك خستووه‌ته‌وه، توانایان چه‌نده به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئیراده‌یان هه‌بێت ده‌توانن شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵ بكه‌نه‌وه".
به‌رپرسی میحوه‌ری رۆژئاوا و رۆژهه‌ڵاتی دیجله‌ی هێزی پێشمه‌رگه گوتیشی: "سوپای عێراق، به‌هاوكاری له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه زۆر به‌ئاسانی ده‌توانن مووسڵ بگرنه‌وه. گرنگ ئه‌وه‌یه ئۆپه‌راسیۆنه‌كه پلان بۆ دارێژراو بێت. باشترین رێگاش گه‌مارۆدانی شاره‌كه‌یه نه‌ك هێزی راستەوخۆ بچێته ناو شاره‌كه‌وه. چونكه زیانی زۆری ده‌بێت، كاتێكی زۆریش ده‌خایه‌نێت هەتا كۆنتڕۆڵ ده‌كرێته‌وه، ئه‌گینا داعش ئه‌و هێزه نیه توانای ئه‌وه‌ی هه‌بێت، له‌یه‌ك كاتدا به‌ره‌یه‌كی فراوانی هێز بڵاوه پێ بكات، به ده‌وروپشتی مووسڵ، مژده‌ش ده‌ده‌مه خه‌ڵكی كوردستان و عێراق و هه‌موو جیهان مووسڵ شتێكی ئه‌وه‌نده به‌هێز نییه چه‌كدارانی داعش به‌رگری تێدا بكه‌ن و كۆنتڕۆڵ نه‌كرێته‌وه".
زه‌عیم عه‌لی پێشبینی ده‌كات، وه‌ك خۆی گوتی: "ئه‌گه‌ر بارودۆخه‌كه به‌و شێوه‌یه‌ی ئێستا بڕوات ئه‌مساڵ شاری مووسڵ كۆنتڕۆڵ ده‌كرێته‌وه و داعش له ناوچه‌كه پاشه‌كشه‌ی پێ ده‌كرێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

