مووسڵ
ئه‌م جه‌ژنه لای ئێزدییه‌كان به پیرۆز ده‌زانرێت و به‌پێی رۆژژمێری رۆمی ده‌كه‌وێته یه‌كه‌مین چوارشه‌ممه‌ی مانگی نیسان. ئێزدییه‌كان ئه‌مڕۆ، له شارۆچكه‌ی شێخانی سه‌ر به مووسڵ به‌مه‌به‌ستی یادكردنه‌وه‌ی ئه‌م جه‌ژنه له په‌رستگای لالش كۆبوونه‌وه.
جێگه‌ی باسه ئێزدییه‌كان به‌مه‌به‌ستی خاوێن بوونه‌وه له گوناهه‌كان به‌ره‌و په‌رستگای لالش رۆیشتن و ده‌رگای پردی ئهنزهلیان ماچ كرد و پاشان به نزا و پاڕانه‌وه سێ جار خولانه‌وه. له پاش ئه‌مه‌شدا ئێزدییه‌كان سه‌ردانی گۆڕی نوورانیان كرد و ده‌ستی سه‌ركرده‌ی روحانی خۆیان، بابه شێخیان ماچ كرد.
ئێزدییه‌كان به پێ‌خواسی چوونه نێو په‌رستگاكه و هاوكات له دوای ئه‌مه‌ش چوونه ئه‌و شوێنه‌ی كه 365 ئاگری تیا هه‌ڵده‌گیرسێت كه ئاماژه به یه‌ك ساڵ ده‌كات. له كاتی هه‌ڵگیرساندنی ئاگره‌كه، نزا و پاڕانه‌وه ده‌ستی پێ كرد و هەتا دره‌نگانی شه‌و هه‌روه‌ها تا به‌یانی به‌رده‌وام ده‌بێت. جێگه‌ی باسه عیسا خدر كه له دوای كۆنترۆڵكردنی شه‌نگاڵ له لایه‌ن رێكخراوی تیرۆرستی داعش به‌ره‌و كه‌مپه‌كانی دهۆك رۆیشتووه رایگه‌یاند كه به دڵێكی ئازاره‌وه یادی چوارشه‌ممه‌ی سوور ده‌كه‌نه‌وه. خدر راشیگه‌یاند نزایان بۆ رزگاربوونی ئێزدییه‌كانی ده‌ستی داعش و گه‌ڕاننه‌وه‌ی ئاواره‌كانی نێو كه‌مپه‌كان بۆ جێگه‌ی خۆیان كردووه.
له‌لایه‌كی دیكه‌وە غه‌زال عاریف رایگه‌یاند كه له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی هاتووه بۆ ئه‌م شوێنه و به‌مه‌به‌ستی رزگاربوون له ناخۆشییه‌كان نزایان كردووه.
به پێی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌ی مێژوویی و ئایینی، ئێزدییه‌كان ئاگر و ئاو هه‌روه‌ها رۆژ به پیرۆز ده‌زانن هەروەها كتێبه‌كانی مەسحەفا ره‌ش (كتێبی ره‌ش) و جیلوه به كتێبی پیرۆز هه‌ژمار ده‌كرێن به‌م پێیه‌ش رێكاره‌کانی ئاینی به‌شێوه‌یه‌كی زاره‌كی له وه‌چه‌یه‌كه‌وه بۆ وه‌چه‌یه‌كی دیكه ده‌گوازرێته‌وه.
ئێزدییه‌كان زمانی ئه‌ده‌بیاتی خۆیان به‌شێوه‌زاری كرمانجی په‌ره پێ ده‌ده‌ن و گشت نزاكانیان به‌م شێوه‌زاره ئه‌نجام ده‌ده‌ن.