Abdullah Shukur
22 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 23 تشرینی یەکەم 2016
مووسڵ
لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ، ژمارەی ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق لە زیادبوون دایە.
ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە پاڵپشتی ئاسمانیی ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی رێکخراوی تیرۆریستی داعش پێی نایە رۆژی شەشەم.
دانیشتوانی ئەو گوندانەی باشوور و باکووری مووسڵ کە رزگارکراون، بە مەبەستی بەدوورگرتنیان لە شەڕ و پێکدادانەکان، رەوانەی ناوچە ئارامەکان دەکرێن.
لەوبارەیەوە بەرپرسی کەمپی دیبەگە رزگار عوبەیدی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە تەنها لە ماوەی شەش رۆژی رابڕدوودا نزیکەی دوو ھەزار کەس ھاتووەتە کەمپەکە.
رزگار عوبەیدی ئاشکراشی کرد کە زۆربەی ئاوارەکان لە گوندەکانی سەر بە ناحیەی گەیارەی باشووری مووسڵ، ھاتوون. گوتیشی: "ئاوارەکان لە گوندەکانی کانی حەرەم، عەدلی وسەفینە ھاتوون کە ماوەیەک پێش ئێستا لەلایەن سوپای عێراقەوە ئازاد کرابوون".
رزگارعوبەیدی گوتیشی: "ئەم کەمپە ساڵی رابڕدوو تەنھا بۆ سێ ھەزار و ٥٠٠ کەس دانرابوو، بەڵام لە ئێستادا نزیکەی ٣٥ ھەزار ئاوارەی ناوخۆ لەخۆ دەگرێت".
رزگار عوبەیدی جەختی لەوە کردەوە لەگەڵ چوونە ناوەی ھێزەکانی ئەمنی بۆ نێو شاری مووسڵ، ئەگەری ئەوە ھەیە ژمارەیەکی زۆری ئاوارە روو لە ناوچەکە بکەن. گوتیشی: " کەمپەکان وەک پێویست نییە و لە ماوەیەکی کورتدا، کێشە سەرھەڵدەدات. ھاوکاری رێکخراو و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان وەک پێویست نییە".