Muhammet Ali Kemal
20 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2016
نیویۆرک
کچەکەی چالاکوانی مسوڵمانی ئەمریکی ماڵکۆم ئێکس، مەلیکە شاباز سەبارەت بە گوتەکانی بەربژێری سەرەتایی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، دۆنالد ترەمپ دژبە مسوڵمانان و کۆچبەران، ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو گوتانە مایەی ترس و دڵەڕاوکێن و رایگەیاند ''نابێت ترەمپ ببێتە سەرۆکی ئەمریکا''.
رێورەسمێک بەبۆنەی٩١ەمین ساڵیادی لەدایکبوونی چالاکوانی مسوڵمان ماڵکۆم ئێکس کە یەکێکە لە سیمبولەکانی بەرەنگاربوونەوەی رەگەزپەرستیی لە ئەمریکا لە ''ناوەندی شاباز'' لە شاری نیویۆرک ساز کرا.
مەلیکە شاباز لە میانی رێورەسمەکەدا وەڵامی پرسیاری پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی دایەوە و سەبارەت بە کێشەکانی مسوڵمانە رەشپێستەکان لە ئەمریکا و مشتومڕەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی قسەی کرد.
شاباز باسی لەوە کرد کە باوکی خەباتی لەپێناو رەنگێک یان رەگەزێکی دیاریکراودا نەکردووە، بەڵکو لەپێناو مافەکانی مرۆڤدا خەباتی کردووە و لەهەموو جیهاندا خەباتی لەو جۆرە بوونی هەبووە و ئاماژەی بەوەش کرد کە لەڕێگەی زیندووکردنەوەی یادگارییەکانی ماڵکۆم ئێکسەوە دەیانەوێت ئەو کولتوورە بگەیەننە نەوەکانی داهاتوو.
کچەکەی ماڵکۆم ئێکس ئاشکرای کرد کە ئەوان بەمەبەستی دەستبەرکردنی پەروەردە و فێرکردن بۆ کۆمەڵگەی مسوڵمان لە ئەمریکا و بەتایبەت فەراهەم کردنی پەروەردە بۆ منداڵانی کچ، هەڵمەتی گرنگیان ئەنجام داوە و گوتی: ''گوتەکەی باوکم لەم بارەیەوە زۆر گرنگە کە دەڵێت 'ئەگەر پیاوێک پەروەردە و فێری نووسین بکەیت، ئەوا کەسێکت پەروەردە کردووە، بەڵام ئەگەر ژنێک فێری نووسین بکەیت و پەروەردەی بکەیت، ئەوا وڵاتێک ئازاد دەکەیت'. پێویستە رۆڵی ژنان لە پێگەیاندنی مرۆڤەکاندا لەیاد نەکرێت''.