pshtewan jalal
29 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2016
سلێمانی
لەساڵی 1996 بەنداوی دەربەندیخان (دەكەوێتە دووری 68 كم باشووری پارێزگای سلێمانی) رێژەیەكی ئاوی پێوانەیی تۆمار كرد كە بەنداوەكە بەتەواوی پڕ بووە لە ئاو، دوای 20 ساڵ ئەمساڵیش بەنداوەكە جارێكی تر ئەو ڕێژە ئاوەی بەخۆیەوە دیت و ئەمەش دەگەڕێنرێتەوە بۆ بارینی بارانی زۆر لەمساڵدا.
لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی و كارپێكردن لە بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان حوسێن ساڵح لە لێدوانێكی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "ئاستی ئاوی دەربەندیخان لە ئێستادا 485 م لە ئاستی ئاوی دەریاوە بەرزە، ئەمەش وای كردووە سەرڕێژ بكات بەسەر دەرگاكانی زیاد ئاودا، ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان ئەمساڵ بە بەراورد لەگەڵ پارساڵدا 13مەتر زیاترە، ئەمەش دڵخۆشكەرە بۆ ئەمساڵ".
ئەمساڵ رێژەی بارانبارین لەو ناوچانەی كاریگەرییان هەیە لەسەر بەنداوی دەربەندیخان زیاتر بوو لە پارساڵ، لێپرسراوی بەشی هایدرۆلۆجی و كارپێكردن لە بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی دەربەندیخان لەبارەی زیادبوونی ئاوی بەنداوەكەوە رایگەیاند بەهۆی ئەو تەوژمە بارانبارینەوە بووە كە ئەمساڵ باریوە و رێژەی بارانبارین گەیشتووەتە 909 ملم.
زیادبوونی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان بەدەر لە سوودی بۆ كشتوكاڵ و سامانی ماسی كاریگەری لەسەر زیادبوونی كارەباش بۆ بەشێكی زۆری هەرێمی كوردستان هەیە، حوسێن ساڵح لەوبارەیەوە گوتی: "زیادبوونی ئاوی بەنداوەكە هاندەرێكی باش بووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ رێژەیەكی زیاتر كارەبا بەرهەم بهێنرێت لە وێستگەی كارۆئاوی دەربەندیخان، نزیكەی مانگێكە بەردەوام رۆژانە 250 مێگا كارەبا بەرهەم دەهێنێت".
لەبارەی رێژەی زیادبوونی ئاوی بەنداوی دەربەندیخانەوە حوسێن ساڵح ئەوەشی گوت: "ئەمڕۆ ئاستی ئاو لە بەنداوەكە 450.05مەترە، ئەم رێژەیەش لە ساڵی 1996 واتە 20 ساڵ پێش ئێستا تۆمار كراوە، بەمەش مژدە دەدەین كە بەرهەمهێنانی كارەبا زیاد دەبێت و دەتوانین ئاو پاشەكەوت بكەین بۆ ساڵێكی دیكەش".
وێڕای بوونی بەنداوی دەربەندیخان و ئاوێكی زۆر لەو بەنداوەدا بەڵام تا ئێستا شاری دەربەندیخان ئاوی خواردنەوەیان نییە كە خۆیان بە ئاوی پاكی ناو دەبەن، ئەندامێكی كەمپینی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ شاری دەربەندیخان دەڵێت هەرچەندە دڵخۆش بن بە زیادبوونی ئاوی بەنداوەكە بەڵام ناتوانێت ئاوی پاك بۆ ئەوان دابین بكات.
ئەندامی كەمپینی دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ شاری دەربەندیخان محەمەد حەمە رەئوف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "زیادبوونی ئاستی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان تەنها لە رووی فیزیاییەوە ئاوەكە پاك دەكاتەوە بەڵام ئەوەی گرفتی دانیشتوانی شاری دەربەندیخانە ئەوەیە ئاوی خواردنەوەی ماڵان لەڕووی كیمیاییەوە پیس بووە، وێڕای داواكاری زۆری هاووڵاتییان تا ئێستاش هیچ دەزگایەكی فەرمی بەئێمەی نەگوتووە كە ئاوی خواردنەوەی ماڵان پاك بۆتەوە".
بەگوێرەی زانیاریەكانی ئەو ئەندامەی كەمپینی دابینكردنی ئاوی پاك بۆ شاری دەربەندیخان، كۆمپانیایەكی توركی بەر لە چەند ساڵێك هێنراوە بۆ شارەكە بۆ پاككردنەوەی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان، بەجۆرێك بۆ خواردنەوە بگونجێت بەڵام لە ئێستادا ئەو كۆمپانیایە بەهۆی نەبوونی بوودجەوە كارەكانی راگرتووە و نازانرێت كەی دەست بەكارەكانی دەكاتەوە.
ئەوەی لە نێو ئاوی بەنداوی دەربەندیخانیشدا بەدی دەكرێت رێژەیەكی زۆری پیساییە كە سەر ئاوەكە كەوتووە.
بەنداوی دەربەندیخان لە بەرواری 23/11/ 1961 بەفەرمی كراوەتەوە، دروستكردنیشی بیرۆكەی دەستەی بونیاتنان لە سەردەمی مەلیكدا بووە، لە ساڵەكانی 1954و1955 دیزاین و گرێبەستی بەنداوی دەربەندیخان لەگەڵ كۆمپانیایەكی ئەمریكی بەناوی "هارزای ئەمریكی" كراوە، بەدەر لە كۆمپانیا ئەمریكییەكە چەندین كۆمپانیای فەڕەنسی و ئەڵمانیش بەشدارییان لە دروستكردنیدا كردووە.
بەنداوی دەربەندیخانەش لەڕووی پێكهاتەوە بەنداوێكی گڵ بەردینە و كرۆكی قوڕە و شانەكانیشی پڕكراوەی بەردە، بەرزی بەنداوەكەش 128 مەترە و درێژییەكەشی بە كەناڵە زیادئاوییەكانیشەوە 535 مەترە، توانای گلدانەوەی ئاوی بەنداوەكەش 3 ملیار مەتری سێجایە.