Rewa Mahmut Hasan
29 نیسان 2016•نوێکردنەوە: 30 نیسان 2016
واشنتۆن
سەرۆکی ئەمریکا باراک ئۆباما بەشداری کرد لە بەرنامەیەکی کۆشکی سپی و ئەو خوێندکارانەی لە بەشی رۆژنامەنووسی دەخوێنن لە زانکۆکانی ئەمریکادا.
لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەی رۆژنامەنووسی ئاسایی گوتەبێژی کۆشکی سپی جۆش ئێرنەستدا، باراک ئۆباما لەناکاو سەردانی هۆڵەکەی کرد و وەڵامی پرسیاری خوێندکارانیی رۆژنامەنووسی دایەوە.
ئۆباما ئاماژەی بەوە دا کە لە قۆناغی ئامادەییدا خوێندکارێکی بزێو بووە بەڵام بەپێچەوانەی خۆیەوە ئەوانەی ئێستا لە هۆڵەکەن خوێندکاری زیرەکن.
لە بەشێکی تری گوتەکانیدا ئۆباما ئاماژەی بەوە دا کە ناوبەناو خۆی و گوتەبێژ جۆش ئێرنێست دەبنە ئامانجی بێویژدانانەی رۆژنامەنووسان بەڵام ئەویش ئاماژەیە بۆ ئازادی رۆژنامەنووسی کە بەردەوام لێیان دەپرسێتەوە.
ئۆباما لە بەرامبەر خوێندکارەکاندا گوتی: "ئێوە کە رۆژنامەنووسیتان هەڵبژاردووە، دەبنە خاوەنی رۆڵێکی گرنگ. هیوادارم کە زۆربەتان (رۆژنامەنووسی) هەڵدەبژێرن".